تا ئێستەیش پرسیارەكان لەبارەی هۆكاری راستەقینەی پاشەكشەكردنی دۆناڵد ترەمپ لە وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران لەناو مێشكی زۆرێك لە خەڵكی ئاسایی و چاودێران دێت و دەچێت و وڵامەكەیشی تەنیا پێشبینییە، لە نێوان لایەنگر بۆ ترەمپ و نەیار بۆی، لەوكاتەی هەموو دنیا چاوەڕوانی وڵامدانەوەیەكی سەربازی ئەمەریكایان دەكرد بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان، بەڵام پاسوۆردەكانی ئەو پرسە داخراو و هەڵهێنانی تەلیسمەكە دەبێت چی بێت؟
ئەوەی خەڵك پێشبینی دەكرد دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری سەربازی ئەمەریكا و ئەو هەموو هەڕەشانە لە ئێران و باڵادەستیی ئەمەریكا بەسەر هێزە چەكدارەكانی ئێران، لە بەرانبەر بوێری تاران بۆ ئەو هەنگاوە دوای چەند هێرشێكی تر بۆ سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە دەریای عومان، ئەمەریكا گورزێكی باش لە ئێران بوەشێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی كرد و بڕیاری لێدانی چەند ئامانجێكی دەركرد، بەڵام چەند خولەكێك بەر لە هێرشەكە هەڵی وەشاندەوە.
فەرماندەیەكی سەربازی بەریتانیا بە رۆژنامەی "فاینانشیەڵ تایمز"ی بەریتانی راگەیاند، فەرماندەكانی سوپای بەریتانیا ئەو شەوە لە پلانی هێرشەكەی ئەمەریكا لەدژی ئێران ئاگەدار كرانەوە، بەڵام پێیان راگەیەندرا كە هێرشەكە وەستاوە، لەوكاتەی رۆژنامەی "نیویۆك تایمز"ی ئەمەریكی رای گەیاند كە رادارەكانی ئێران و دامەزراوەی مووشەكییەكانی ئامانجی هێرشەكەی ئەمەریكا بوون و فڕۆكە جەنگییەكان لە رێگەدا بوون ئەوكاتەی ترەمپ بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.
یەكێك لە وشە نهێنییەكانی پاشەكشەكردنی ترەمپ بریتییە لە
ئاسایشی ئیسرائیل، كاتێك میدیاكانی ئەو وڵاتە لەوانە ماڵپەڕی "بمزراح هتیخون"، هەینی رابردوو رایان گەیاند كە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ترەمپ كردووە بڕیاری هێرشەكە هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمەریكاییەكە لە ئەگەری كردنە ئامانجی ئیسرائیل بە مووشەك، هاوكات روون یشای شرۆڤەكاری ئیسرائیلی لە رۆژنامەی "یدیعۆت ئەحرانۆت"، دەڵێت، پاشەكشەكردنی ترەمپ مانای ئەوەیە ناكرێت گرەوەی لەسەر بكرێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران، چونكە بریاری دا ئەو دەمارگرتنانەی ئێران قووت بدات و رووبەڕوویان نەبێتەوە.
لای خۆیەوە غەزوان ئەحمەدی، راگەیاندكاری سعوودی دەڵێت، بڕیارەكەی ترەمپ و پاشگەزبوونەوەی دەچێتە خانەی جەنگی دەروونی و راگەیاندن، چونكە كەس جەنگی ناوێت، وڵاتانی كەنداو دەیانەوێت بچنە ناو رێككەوتننێكی نوێ لەگەڵ تاران و لایەنێكی بن و مەرجەكانیشیان بسەپێنن.
وشەی نهێنی تری پاشەكشەكردنی ترەمپ هەڵبژاردنی 2020ی سەرۆكایەتی ئەمەریكایە كە لە ئێستەوە ترەمپ كاری لەسەر دەكات، هاوكات نەیارەكانی بە هەمان شێوە و هەر هەڵەیەك دەبێتە ئەو پووشەی پشتی وشترەكە دەچەمێنێتەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمەریكایە.
رەنگە بازنەی دەوری ترەمپ بەوە تۆمەتبار بكرێت بە توندڕۆیی و بوونی خواستی لێدانی ئێران لەوان جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و لیندسی گراهام سیناتۆری كۆماری و چەند راوێژكارێكی تری نزیك لە ئیدارەكەی، بەڵام خۆ ترەمپ هەر لە سەرەتاوە دژی چوونە ناو جەنگ بووە لەگەڵ ئێران و هەر ئەوەیشی كرد، جگە لەوەی تا ئێستە ترەمپ بەشی زۆری بەڵێنەكانی كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان دابووی ئەنجامی دا.
بۆیە ئەوەی ترەمپ دەیكات تەواو ئەوەیە كە دەیەوێت و توانی بەو ناوە پاڵپشتی سیاسی و دارایی لە چەند لایەنێك لەناو ئەمەریكا و لە دەرەوەیش بەدەست بێنێت، هاوكات باش دەزانێت هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی رەنگە بردنەوەی بە دووەم ماوەی سەرۆكایەتی لە 2020 لە دەست بدات، بۆیە ئێرانییەكانیش دەیانەوێ بیخەنە ناو ئەو تەڵەوە و بەو هۆیەشە لە هەڕەشەكانی سەربازی ترەمپ سڵ ناكەنەوە و بە رژدی نابینن.
لە واشنتن و سەرەڕای دووپاتكردنەوەی بەردەوام بەوەی ترەمپ خواستی چوونە ناو جەنگی لە دژی ئێران نییە، بەڵام گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە قەناعەتیان بە ترەمپ كردووە كە پێویستە بژارەكانی بە كراوەیی بێڵێتەوە، چونكە مانەوەی هەڕەشەی جەنگ وا دەكات ئێرانییەكان نیگەران بن لە چیەتی هەنگاوی داهاتووی واشنتن، لەوانەش تێپەڕاندنی كۆنگرێس لە وەرگرتنی بڕیاری هێرشی سەربازی گریمانكراو، بۆ ئەوەش ترەمپ پاساوی بەرگریكردن لە خۆ و پاراستنی ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی لە دەریای عومان و كەنداو بەكار دێنێت كە واشنتن پابەندە بە پاراستنی.
هاوكات لەگەڵ ئامادەسازییەكانی پارتی دیموكرات بۆ چوونە ناو كێبەركێی هەڵبژاردنی 2020، دیارە كە كۆدەنگییەك لە نێوانیاندا هەیە بەوەی سیاسەتی ترەمپ لە بەرانبەر ئێران گەورەترین خاڵی لاوازی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپە، بۆیە نەیارانی جەنگ یارمەتی دیموكراتەكان دەدەن بۆ بردنەوە.
لە ئێران باسەكە بەمشێوەیەیە، سزاكانی ئەمەریكا بەتایبەتی لە كەرتی نەوت زۆر خێراتر و كاریگەرترە لەوەی پێشبینی دەكرا لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو، كاتێك هەناردنی نەوتی ئێران لە سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە هاتووەتە سەر 400 هەزار بەرمیل، هاوكات ئابووری ئەو وڵاتە لە 2019 بە رێژەی 5-6% دادەبەزێت، بۆیەش دەیەوێ دۆخی تەناهی ناوچەكە بشێوێنێت، ئەوەی ئەمەریكا دەیەوێت چوونە ناو جەنگ نییە و ئەوەشی لەو بارەوە دەگوترێت تەنیا راگەیاندنە، ئەمەریكا دەیەوێت هێڵێك بەدەوری ئێران بكێشێت كە نابێت تێپەڕی بكات، دواتر ئەو مسۆگەریەش دروست بكات كە ئێران نەتوانێت تێپەڕی بكات.