عێراق.. دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵ و ژن بێ سزادان دەگوزەرێت

:: PM:06:32:23/06/2019 ‌

بەمدواییە لیژنەی ژن و خێزان و كاروباری منداڵی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی دا بە بەدواداچوونی پرسی دەستدرێژی سێكسی و ئاستی رژدی لایەنەكانی جێبەجێكار بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە، هاوكات راپۆرتێكیش لەو بارەوە ئامادە دەكەن و دەیدەن بە پەرلەمان، هەیفا ئەمین سەرۆكی لیژنەكە گوتی، دیاردەیەكی مەترسیدار خەریكە لەناو كۆمەڵگەی عێراق بڵاو دەبێتەوە ئەویش دەستدرێژی سێكسییە بۆ سەر ئافرەت و منداڵ كە زۆر مەترسیدارە و لێكەوت و كاریگەری ترسناكی بۆ سەر یەكپارچەیی كۆمەڵگا و سەلامەتییەكەی دەبێت، بۆیە پێویستە ستراتیجیەتێكی درێژخایەنی بەرپەرچدانەوە و سزای توندی بۆ دابنرێت. 

لە ماوەی كەمی رابردوو چەندان تاوانی دەستدرێژی سێكسی لە عێراق روویان دا، لەوانە لە مووسڵ كە بكەرەكان كارمەندی هێزە تەناهییەكان بوون و ئەوان بێ سزادان بۆیان چووە سەر، چونكە تا ئێستە لێكۆڵینەوەكان هیچ ئەنجامیان نەبووە، ئەوەش تێوەگلانی ئەو هێزانە و گەورە بەرپرسانی عێراق لەو تاوانانە پێشان دەدات، كە هاوكات هۆكارە بۆ تەشەنەكردنی و بەردەوامبوونیەتی.

دوای چەند رۆژێك لەو تۆمارە ڤیدیۆیەی دەستدرێژی سێكسی سەربازێكی عێراقی لە مووسڵ بۆ سەر منداڵێك و دایكەكەی لە یەكێك لە بازگەكان بڵاو بووەوە، لە كەركووك رووداوێكی هاوشێوە رووی دا كاتێك ئەفسەرێكی پۆلیس لەناو ئۆتۆمبێلەكەی دەسترێژی سێكسی كردە سەر كچێكی بیست ساڵی، ئەوەی مووسڵ لەلایەن ئەندامانی فرقەی 20ی سوپای عێراق لە 31ی ئایاری رابردوو ئەنجام درا كاتێك دەستدرێژی سێكسیان كردە سەر دایكێك و كوڕە حەوت ساڵەكەی لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین لە بەری راستی مووسڵ. لە دیمەنێكیش كە پێشانی دەدات تاوانكاران بێباكن و لە سزادان ترسیان نییە، ئەوان راستەوخۆ لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دیمەنەكەیان پەخش كرد كە سەربازێك دان بە دەستدرێژیكردنە سەر ژنەكە دەنێت و پێشانیشی دەدات چۆن دەستدرێژی دەكاتە سەر منداڵە بچووكەكە لەناو ئۆتۆمبێلێكی سەربازیدا.  

وەك كاردانەوەیەك لە بەرانبەر رووداوەكە عوسمان غانمی سوپاسالاری عێراق بەڵێنی سزادانی ئەنجامدەرانی رووداوەكە و یەكلاكردنەوەی لێكۆڵینەوەكان لە ماوەی پێنج رۆژ دا، وەك لە بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری عێراقیش هاتووە كە هەواڵگری سەربازی ئەو سەربازانەیان گرتووە و بۆ بەغدایان بردووە بۆ لێكۆڵینەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوانە تا ئێستە هیچ سزادانێك نییە، جیا لەوەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر هێشتا نەهاتووەتە راگەیاندن.

نایف شمەری، پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای نەینەوا لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت، سزادانی ئەوانە بەتوندترین شێوە بووەتە داوایەكی جەماوەری نەینەوا و پێویستە سەرۆك وەزیران بەخێرایی وڵامی ئەو داوایە بداتەوە و تاوانكاران بدرێنە دادگایەكی دادوەرانە و راگەندراو و بەتوندی سزا بدرێن، هاوكات حوسام عوبێدی هاووڵاتییەكی مووسڵ دەڵێت، ئەو تاوانانە بۆشایی نێوان هاووڵاتییان و هێزە تەناهییەكان زیاتر دەكەن كە دەكرێت رێكخراوی داعش سوودیان لێ وەربگرێت، بۆیە پێویستە تاوانباران بدرێنە دادگای سەربازی و لەدار بدرێن.

عەبدوڵا میعماری، یاساناسە و خەڵكی مووسڵە وای دەبینێت كە نارژدی فەرماندە سەربازییەكان لە لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان لە تاوانی دەستدرێژی سێكسی كە سەرباز و ئەفسەرانی سوپا دەیكەن كە دەبێت ئەركی ئەوان پاراستنی خەڵكەكە بێت، وا دەكەن ئەو دامەزراوانە بەتەواوەتی وەك دوژمن سەیر بكرێن، بۆیە وریایی دا لە دووبارەكردنەوەی ئەو جۆرە تاوانانە كە ئەنجامێكی ئاسایی نەبوونی سزا و لێپرسینەوەیە.

دوای رووداوەكەی مووسڵ بە دوو هەفتە تاوانێكی هاوشێوە كەركووكی هەژاند كە تاوانكار ئەفسەرێكی پۆلیسی شارەكەیە و بە یارمەتی كارمەندێكی پۆلیس لە 14ی ئەم مانگە بە سوودوەرگرتن لە پۆستەكەی كە رائیدە لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی كەركووك، هاوكات خزمی نزیكی بەرپرسانی دەسترۆیشتووی شارەكەیە، ئەو تاوانەی ئەنجام دا و كچێكی توركمانی لەگەڵ دەزگیرانەكەی بووە ناچار كردووە كە سواری ئۆتۆمبێلەكەی بێت كە تابلۆی حكوومەی هەڵگرتووە و بە پاساوی ئەوەی لە پۆلیسی رەوشتپارێزییە، دوای لێدانی دەزگیرانەكەی و فڕێدانی، كچەكە كە لەدایكبووی 1998بووە، بەزۆر سواری ئۆتۆمبێلەكە كردووە و دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر و ئێستەیش ئەو ئەفسەرە دوای سكاڵای كچەكە لە دژی، گیراوە. 

لە بەرانبەر ئەو تاوانە خەڵكی كەركووك داوای توندترین سزا بۆ ئەو تاوانكارە دەكەن و ئاماژە دەكەن ئەگەر ئەوە نەكرێت، دەرگەی تاوانی هاوشێوە دەبێتەوە لە داهاتوودا، لەو كەیسەش بە هەمان شێوە سەرەڕای ئەوەی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ ئەنجامێكیان نەبووە.

روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ دووبارەبوونەوەی رووداوەكانی دەستدرێژی سێكسی دوایی بۆ نەبوونی رژدی لەلایەن حكوومەت بۆ سزادانی تاوانكاران دەگەڕێنێتەوە، مستەفا سەعدوون بەڕێوەبەری روانگەكە دەڵێت، ئەو جۆرە تاوانانە دووپاتی دەكەنەوە كە هیچ جۆرە سزادانێك لەلایەن حكوومەتەوە نییە و ئەوەش وای كردووە تاوانكاران سڵ نەكەنەوە، بۆیە لە مانگی رابردوو زیاتر لە حاڵەتێكی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان هەبووە كە لە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس كراوە و پێشبینی زیاتریش دەكەین كە نایەنە راگەیاندن. 









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل