"حەشد لەسەر بنەمای ئایین پێشێلكاری بەرانبەر ئێزیدی و مەسیحییەكان كردووە"

:: PM:07:04:23/06/2019 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم 22ی حوزەیران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا راپۆرتی ساڵانەی لەسەر ئازادی ئایینی لە دنیا بڵاوكردەوە، لە راپۆرتەكە زۆر بە وردی باسی پێشێلكارییەكان لەسەر بنەمای ئایینی كراوە، عێراق لە بەشی وڵاتانی عەرەبی باس كراوە و دەڵێ، لە عێراق پێكهاتەكان لەسەر بنەمای ئایینی لەلایەن حەشدی شەعبی پێشێلكارییان بەرانبەر دەكرێت.

پێوەند بە عێراق لە راپۆرتەكە هاتووە، هەندێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسەر بنەمای ئایینی پێشێلكارییان دژ بە ئێزیدییەكان و مەسیحییەكان كردووە، ئەوەش دەخاتەڕوو، هەندێك لە بڕیار بەدەستانی حكوومەت دەیانەوێت لەسەر بنەمای ئایینی دیمۆگرافیای شارەكان بگۆڕن.

لە راپۆرتەكە زۆر بە روونی باس لە هەوڵی هێزە شیعەكان دەكات كە دەسەڵات بەكار دەهێنن بۆ پێدانی زەوی لە شارە سوننەكان بە شیعەكان، تەنانەت ئەو پێشێكارییانە ناوچەكانی مەسیحییەكانیشی گرتووەتەوە.
 
 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راپۆرتەكەیدا داوای "پاراستنی پێكهاتەكانی عێراق دەكات"، ئەمەشی بە ئەولەویەتی خۆی لە دۆسیەی عێراق داناوە، هاوكات باسی ئەوەش دەكات كە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو گێچەڵ بە پێكهاتەكان دەكرێت و رێگریان لێ دەكرێت لە ئەنجامدانی پیرۆزییە ئایینیەكانیان، لەمەشدا حكوومەت یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری كردووە بە پاساو بۆ گرتنی دەیان كەس، بێ ئەوەی هەڵمەتی گرتنەكە بە رێوشوێنی یاسایی بڕوات.
 
زیاتر گوتی "دیارترین ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەر بە پێكهاتە ئایینیەكان دەكرێت خۆی لە هەڕەشە و رفاندن و گوشار كردن تا ناچار بكرێن ببن بە موسڵمان".

لە راپۆرتەكەدا بەشێوەیەكی گشتی باسی عێراق كراوە و بەهیچ جۆرێك ناوی هەرێمی كوردستان نەهێنراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە كوردستان پێكهاتە ئایینیەكان و نەتەوەییەكان مافەكانیان بە تەواوی پارێزراوە، لە وەزارەتی ئەوقاف بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت بە كاروباری ئایینەكان هەیە.

جگە لەمەش لە شەڕی دژ بە داعش، زۆرینەی مەسیحییەكانی عێراق بەتایبەت دەشتی نەینەوا، هاوشانی ئێزیدییەكان ئاوارەی كوردستان بوون و تا ئێستەش بەشی زۆریان نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان بەهۆی هاتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانیان.

لە راپۆرتەكە باس لە سعوودیە و میسڕ و سوودان و مۆریتانیا و تونیس و سەڵتەنەی عومان و لیبیا و لبنان و بەحرێنیش كراوە، كە لەو وڵاتانەش پێكهاتە ئایینیە جیاوازەكان لەلایەن دەسەڵاتەوە بە شێوەی جۆراوجۆر مافەكانیان پێشێل دەكرێن.

فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق