دوو رێنوێنی بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی شەكرە نەبیت

:: PM:07:47:23/06/2019 ‌

دوو توێژینەوەی نوێ باسی دوو رێنوێنی گرنگ دەكەن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە، ئەویش لە رێگەی پێڕەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی كەم كاربۆهیدرات و دەوڵەمەند بە ماسی چەور.

یەكەم توێژینەوە كە لە زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریكی ئەنجام دراوە و باسی ئەوە دەكات كە پێڕەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی كەم كاربۆهیدرات، رەنگە سوودی زۆری هەبێت لە پاراستنی مرۆڤ لەوانەی ئەگەری تووشبوونیان بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە.

توێژەران چاودێری سیستەمی خۆراكی 16 پیاو ژنیان كرد كە بەدەست شێوانی میتابۆلیسم دەیاناڵاند، واتە سێ لەو حاڵەتانەیان هەبوو، قەڵەوی لە ناوچەی سك و بەرزی پەستانی خوێن و بەرزی رێژەی شەكرەی خوێن و كەمی رێژەی كۆلیسترۆلی باش و زۆری چەوری سیانی و خراپ. 

بۆیە ئەوانەیان تاقی كردەوە كە چی روودەدات كاتێك خواردنی كاربۆهیدرات كەم دەكەنەوە، دەركەوت نیوەی ئەوانە لە ماوەی چوار هەفتەدا هەموو نیشانەكانی پێشوویان رووی لە باشی كرد و چەوریان زیاتر تووایەوە و ئاستی شەكرەی خوێنیان باشتر بوو، هەموو ئەوانەش دوای پێڕەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی كەم كاربۆهیدرات. 

پاركەر هاید، پزیشك و سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، دەركەوت ئەو سیستەمە خۆراكییەی كەم كاربۆهیدرات یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی شێوانی میتابۆلیسم، بەتایبەتی ئاستی چەوری تێر و ئاستی كۆلیسترۆڵی خراپ لە خوێن و بەوەش مەترسی تووشبوون بە شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن كەم دەكاتەوە.

شایەنی باسە كاربۆهیدرات لە برنج و نان و سەموون و پەتاتە و شیرینی و دانەوێڵە و شەكر بەتایبەتی هەیە.

توێژینەوەی دووەم لە زانكۆی شالمەر بۆ تەكنۆلۆجیا لە سوید ئەنجام درا و تیایدا توێژەران بۆیان دەركەوت كە ماسی چەوریدارەكان دەكرێت لە مەترسی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بتپارێزن، بۆیە زۆر خواردنی ماسی چەور كاریگەرییەكی پارێزی لە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە هەیە، بەو مەرجەی ئەو ماسیانە بە پیسكەرەكانی ژینگە پیس نەبووبن. 

شایەنی باسە ماسی چەورەكان بریتین لە سەلەموون و تونە و ماكریل و سەردین و رۆنی ماسی كە دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا3.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل