وەزیری پەروەردە: رێژەی دەرچوون لە تاقیكردنەوەكان 46%ە

:: PM:09:03:23/06/2019 ‌
پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بە هەوڵی سەرۆك بارزانی پڕۆسەی پەروەردە لە كوردستان بەردەوام بووە و ڕێی نەداوە بوەستێت.

لەمیانەی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی نۆ و 12ی ئامادەی كە ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیەنرا، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، داوا لە كەسوكاری قوتابیان دەكەین پاڵەپەستۆ نەخەنە سەر ڕۆڵەكانیان و سەركەوتن پێوەندی بە نمرەی بەرزەوە نییە و دنیا بە ئەنجامی تاقیكردنەوەی ئەمڕۆ كۆتایی نایەت.

وەزیری پەروەردە گوتی، لەماوەی چوارساڵی ڕابردوو تەنگژەی زۆر ڕووی لە كوردستان كردووە، بەڵام زۆربەی ئەو تەنگژانەمان تێپەڕاند و پەروەردە بە پڕۆسەیەكی قورسدا تێپەڕبوو.

ڕوونیشی كردەوە كە پڕۆژە یاسایەك پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كراوە تایبەت بە كەرتی پەروەردە كە بەپەسەندكردنی مۆدێلێكی تری پەروەردە لە كوردستان دروست دەبێ‌. هەروەك ئاماژەی بەوە كرد كە نەبوونی بودجە كاریگەری لەسەر ژێرخانی پەروەردە هەبووە.

پشتیوان سادق سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد كە بەردەوام پشتیوانی پەروەردەی كردووە و ڕێی نەداوە پڕۆسەكە بوەستێت.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، ئەوەی كراوە بۆ ئەزموونە گشتییەكان كراوە و لیژنەی باڵای ئەزموونەكان سەربەخۆییەكی تەواویان هەیە و وەزارەتی پەروەردە دەستوەردان بە دانانی پرسیارەكان ناكات.

" دوو هەزار و 700 پرسیار بۆ تاقیكردنەوەكان دانراوە و 17 پرسیار بۆچوونی جیاوازی لەسەر بووە، قەرەبووی هەموو كەموڕییەكانیش كراوەتەوە كە لە پرسیارەكاندا هەبووە و سێ‌ هەزار كەس 90 تا 100 نمرەیان هێناوە كە 95% خەڵكی ئاسایین" پشتیوان سادق وای گوت.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە رێژەی دەرچوون 46% ە و ساڵی ڕابردوو 26% بوو كە دوای تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم ئەو ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە. 

لەسەر ئاستی وانەكانیش، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، رێژەی دەرچوون بەرزە لە بەشی زانستی، كە بەم شێوەیەی خوارەوە:

زیندەزانی 76.5%

كوردی 90.22%

بیركاری 59%

عەرەبی 90.58%

كیمیا 85%

ئینگلیزی 59%

فیزیا 69%







وشە - سه‌رخێڵ هاشم