چالاكوانان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هەڵمەتێكیان دژ بە مێزەر بەسەرە شیعەكان دەست پێ كرد، پشتگیری خۆیان بۆ كاڵای ئەمەریكی دووپات كردەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی ئەوان هەڵمەتی بایكۆت كردنی كاڵای ئەمەریكییان راگەیاند بوو. چالاكوانان دەڵێن، پێویستە كاڵای ئێرانی بایكۆت بكرێت.
چەند رۆژێك لەمەوبەر كۆمەڵێك مێزەر بەسەری شیعە هەڵمەتێكیان دژ بە كاڵای ئەمەریكی دەستپێ كرد وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، ئەو هەڵمەتە خەریك بوو فراوانتر و بڵاوتر دەبووەوە، بەڵام چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هەڵمەتێكی پێچەوانەیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دژ بە مێزەر بەسەرە شیعەكان دەستپێ كرد، رەتیان كردەوە كاڵای ئەمەریكی بایكۆت بكەن.
چالاكوانان لە پۆستەكانیان ئاماژەیان بەوەدا، ئەو جۆرە هەڵمەتانە هیچ شتێك لە دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە هەرچی هەڵمەت هەبووە لە دوای 2003 كە عێراق بەخۆیەوە دیویەتی، پەرچە كردار بووە لەسەر بنەمای گۆڕانكارییە سیاسییەكان، نەك پێویستی و بەرژەوەندی نیشتمانی.
چالاكوانەكان ئەوەش دەخەنەڕوو، عێراق وڵاتێكی بەكاربەرە و ئەوانەی بانگەشەی ئەو بایكۆتە دەكەن، خۆیان بازرگانی بازاڕی رەشن و دەیانەوێت سوود لەو جۆرە بانگەشانە ببینن تا كاڵای رێگە پێ نەدراو بە نرخی گران بفرۆشن.
هاوكات چالاكوانان داوای بایكۆت كردنی كاڵای ئێرانیان دژ بە مێزەر بەسەرەكان راگەیاند، لە تۆڵەی ئەوەی ئێران ژمارەیەك رووباری عێراقی وشك كردووە كە سەرچاوەی ئاوەكەی لە ئێرانە، دیارترینیان رووباری زاب بوو لە باكوری سلێمانی.
چالاكوانان ئەوەش دەخەنەڕوو، هەر كەس كاڵای ئێرانی بكڕێت ئەوەش باش دەزانێت ئێران بە پارەكەی گوللە دەكڕێت و لە رێگەی گروپە تیرۆریستییەكان خەڵك لە عێراق و سووریا و یەمەن پێ دەكوژێت.
ئەبو ئیدریس سبێحاوی یەكێكە لەو چالاكوانانەی هاشتاگی بایكۆت كردنی كاڵای ئێرانی راگەیاندووە، هاوكات حەمید مساعد غیساوی و زۆرێكی تریش لە چالاكوانان بە هاشتاگی جیاواز بایكۆتی كاڵای ئێرانیان راگەیاندووە، یەكێك دەڵێ، هەموو وڵاتانی دنیا دەخوازن بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا بكەن، تەنانەت ئێرانییەكان خۆیشیان كاڵای ئەمەریكی دەكڕن. حماد تائی دەڵێ، پێش هەموو شتێك پێویستە كاڵای ئێرانی بایكۆت بكرێت، نەك ئەمەریكی.
راگەیاندنی هەڵمەتی بایكۆت كردنی كاڵای ئەمەریكی لەلایەن مێزەر بەسەرە شیعەكان، لە كاتێكدایە تا دێت گرژی نێوان تاران و واشنتن زیاتر دەبێت، هاوكات بەشێكی زۆر لە سزاكان لەسەر عێراقیش سەپێنراوە و تەنیا لە پرسی وزە و كارەبا نەبێت كە بۆ سێ مانگی تر چاوپۆشی لە عێراق كراوە.
فەرمان