ئەكادیمیای كوردی لە سێ كۆڕی جیاوازدا خوێندنەوە بۆ سێ كتێب دەكات

:: PM:09:45:23/06/2019 ‌
لەبەردەوامی كۆڕە هەفتانەیەكانیدا، محەمەد حوسێن موهەندیس ئەزموونی خۆی لە وەرگێڕاندا لە ئەكادیمیای كوردی لە باسی وەرگێڕان لە كایەكانی ئەدەب و زانست دەخاتەڕوو، لە رۆمانی حەج و عومرە تا رۆمانی خانماز باسێك دەبێت لەلایەن دكتۆر كەمال سەعدی لەسەر رۆمان، پاشان شاخەوان سدیق ناساندن بۆ كتێبی چێژی خوێندنەوە دەكات.

بڕیارە سبەی دووشەم 24ی حوزەیران، ئەكادیمیای كوردی كۆڕێك بۆ محەمەد حوسێن موهەندیس ساز بكات، لەو كۆڕەدا نووسەر و وەرگێڕ باس لە ئەزموونی ساڵانی كار كردنی لە بواری وەرگێڕان دەكات لەژێر ناونیشانی باسی وەرگێڕان لە كایەكانی ئەدەب و زانستدا.

رۆژی سێشەم 25ی حوزەیران، شاخەوان سدیق نووسەر و رۆژنامەنووس باسێك لەبارەی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی چێژی خوێندنەوە پێشكەش دەكات و تێیدا هەوڵدەدات باس لە خوێندنەوە لای تاكی كورد بكات.

رۆژی چوارشەم 26ی حوزەیران، دكتۆر كەمال سەعدی لە كۆڕێكی تری ئەكادیمیای كوردی، باسێك لە ژێر ناوی لە رۆمانی حەج و عومرە تا رۆمانی خانمباز، پێشكەش دەكات، لەوێدا باس لە ئەزموونی رۆمان نووسینی خۆی دەكات.

 بەگوێرەی راگەیەنراوەكانی ئەكادیمیای كوردی كە دەست "وشە" كەوتوون، هەرسێ كۆڕەكە سەعات پێنجی ئێوارە دەبێت لە تەلاری مەلا مەحموودی بایەزیدی لە بارەگای ئەكادیمیای كوردی لە شاری هەولێر.

ئەكادیمیای كوردی دەزگایەكی زانستییە، ساڵی 1970 لەژێر ناوی كۆڕی زانیاری كورد دامەزرا، پاش راپەڕین لەلایەن پەرلەمانی كوردستان بە یاسا رێكخرا، دواتر لە ساڵی 2007 پاش یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكە لە 22ی ئابی 2007 پاش هەموواری یاسای ژمارە 12ی ساڵی 1997ی دامەزراندنی كۆڕی زانیاری كوردستان كرا و ناوەكەی بۆ ئەكادیمیای كوردی گۆڕدرا.

ئامانجی سەرەكی ئەكادیمیای كوردی، پاراستن و بووژاندنەوە و پێشخستنی زمانی كوردییە بە هەموو دیالێكتە جیاوازەكانییەوە، هاوكات یەكخستن و كۆدەنگی نەتەوەیی لەسەر زمانی حوكمڕانی (فەرمی) لە هەرێمی كوردستان، جگە لەمەش كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توێژینەوەی كوردی دەدات لەگەڵ كاركردن بۆ پێشخستنی شێوەكانی زانست بە تێكرایی، لە پاڵ ئەمانەشدا  زیندوو كردنەوەی كولتووری كوردی كردووە بە بەشێك لە ئامانجەكانی لە كایەكانی، زانست و ئەدەب و هونەر و نیشاندانی ڕۆڵی زانایانی كورد.








وشە - فه‌رمان سادق