شەقامی 100 مەتری هەولێر دادەخرێت

:: AM:09:13:24/06/2019 ‌
بڕیارەی سبەی دەست بكرێت بە نۆژەنكردنەوەی بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری هەولێر و بەشێك لە شەقامەكە دادەخرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی حوزەیران، بۆتان شێروانی بەڕێوەبەری شارەوانی چواری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی دەست دەكرێت بە نۆژەنكردنەوەی شەقامی 100 مەتری هەولێر.

بەڕێوەبەری شارەوانی چوار گوتی، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتر و پێشڤەچوونی شاری هەولێر پڕۆژەی دووبارە قیڕتاوكردنەوەی شەقامی ١٠٠م لە نەخۆشخانەی رزگاری تا بەنزینخانەی ئاكار لە سنووری شارەوانیمان وەك قۆناغی سێیەم دەست پێ دەكات.

زیاتر ڕوونی كردەوە، بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەكە دیاری كراوە و لایەكی شەقامەكە بە بەرنامەیەكی دیاریكراو دادەخرێت و كە تەواو بوو لایەكەی تر دادەخرێت.

ڕۆژی پێنجشەم 20ـی حوزەیران،  كرمانج دەشتەكی گوتەبێژی شارەوانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیار بوو پێش جەژن دەست بكرێت بە نۆژەنكردنەوەی بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری، بەڵام بەهۆی نەكردنەوەی شەقامی 120 مەتری دواخرا تا هاووڵاتییان تووشی جەنجاڵیی زۆری هاتوچۆ نەبن.

گوتەبێژی شارەوانی هەولێر گوتی، نزیكەی 850 ملیۆن دینار لە داهاتی شارەوانی بۆ نۆژەنكردنەوە بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری دیاری كراوە كە ئێستە تەنیا ڕێكارە كارگێڕییەكانی ماوە، بەزووترین كات دەست دەكرێت بەو بەشە لە ترافیكی بەنزینخانەی ئاكار بۆ بەردەم نەخۆشخانەی ڕزگاری نۆژەن دەكرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، سێ‌ بەش لە شەقامی 100 مەتری نۆژەن كراوەتەوە و ئەو بەشەش دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

پێش جەژن شەقامی 100 مەتری هەولێر بەشێكی نۆژەن كرایەوە، بڕیارە ئەو بەشەی ماوە دەست بكرێت بە نۆژەنكردنەوەی.



وشە - رامیار جەواد