ئەو پێنج هاووڵاتییەی تۆمەتبار بوون بە دەستدرێژیكردنە سەر لاڤانی هەشت ساڵان، لەلایەن هێزە تەناهییەكان گیراون بە فەرمانی دادوەر.
ئەمڕۆ دووشەم 24ـی حوزەیران، محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوكەسانەی دەست درێژیان كردۆتە سەر لاڤان دوای ئازادكردنی هەڕەشەیان لە باوكی لاڤان كردووە و بە كەفالەی 30 ملیۆن دینار ئازاكرابوون.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی، كەسانی بەهێز پشتگیریان دەكەن دوێنێ ڕاستەوخۆ نووسراومان كرد بۆ دادگا و سێ كەس گیراون بۆیە ئەومانەوێت باوكی لاڤان و لاڤانیش پارێزراون لە مەترسی ڕفاندن و بەزۆر تەنەزوول پێكردنییان.
سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ بەدواداچوونی ورد لەسەر ئازادكردنی پێنج هاووڵاتی كراوە لەسەر ئازادكردنیان كە دەستدرێژییان كردبووە سەر لاڤان ئیسماعیلی هەشت ساڵان.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، دادوەر بڕیاری گرتنی بۆ دەركردوون ئێستە گیراون تا ئەو كاتەی بڕیاری دادگا بۆ ئەو تاوانەی كروویانە دەردەچێت، دەبێت لەژێر چاودێری بن لە ناوەندەكانی ڕاگرتن.
ڕۆژی پێنجشەم 20ـی حوزەیران، ڕێبین سەباح پارێزەری كەیسی لاڤانی تەمەن هەشت ساڵان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ئازادكردنی تۆمەتبارانی كەیسی لاڤان لەلایەن دادگاوە، بڕیارە ڕۆژی یەكشەم تانە لە بڕیارەكە بدەین لە دادگای هەولێر بۆ ئەوەی بگیرێنەوە، چونكە تۆمەتەكەیان بەپێی یاسا نابێت ئازاد بكرێن تا ڕۆژی دادگایی.
پارێزەرەكە گوتی، تۆمەتبارانی كەیسەكە داوای سوڵحی عەشایرییان لە باوكی لاڤان كردووە تا سكاڵاكەی لە دادگا بكێشێتەوە و باوكیش ڕەتی دەكاتەوە ئەو سكاڵایە بكێشێتەوە.
زیاتر ڕوونی كردەوە، پێویستە تۆمەتبارەكان بگیرێنەوە بەخێرایی بۆ ئەوەی هەڕەشە لە باوكی لاڤان نەكەن و یان بۆ دەرەوەی وڵات ڕانەكەن.
ڕۆژی چوارشەم لوقمان ئیسماعیل باوكی لاڤان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوو پیاو بەهاوكاریی زڕدایكی "لاڤان"ـی هەشت ساڵان و زڕپوورەكەی لە 4/3/2019 كچەكەمیان ڕفاند و پاش سێ سەعات دۆزیمانەوە، دوای پشكنینی پزیشكیی دەركەوت لاڤان دەستدێژیی كراوەتە سەر، منیش سكاڵام لەسەر تۆمار كردن و لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و ددانیان بە تاوانەكەیاندا نا.
باوكی لاڤان گوتی، زانیاریم پێ گەیشتووە كە تۆمەتبارەكان ئازاد كراون، بۆیە سەردانی بنكەی پۆلیسی ڕاستیم كرد و بۆم دەركەوت بە بڕیاری دادگا و بە كەفالەت ئازاد كراون.
ئاشكرای كرد، بەرپرسێكی حزبی لە پشت ئازادكردنی تۆمەتبارانی دەستدرێژیی سەر لاڤانن، بۆیە داوا دەكەم دۆسیەی كچەكەم بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا بڕوات، بۆ ئەوەی كێشەی كۆمەڵایەتیی گەورەتری لێ نەكەوێتەوە.
لاڤان لوقمان تەمەن هەشت ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، لە 4/3/2019 لەلایەن دوو پیاوەوە و بە هاوكاریی دوو ژن دەستدرێژیی كرابووە سەر، تۆمەتبارەكان لە 14/4/2019 گیران و لە بنكەی پۆلیس دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە، بەڵام لە 17/6/2019 ئازاد كراون.