حووسییەکان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەیەکی سعودیە و 23 کەس بوونە قوربانی

:: AM:10:17:24/06/2019 ‌
جارێكی تر حووسییەكانی یەمەن لە رێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی مینڕێژكراو، هێرشیان كردە سەر فڕۆكەخانەی ئابها و جازان لە باشووری سعوودیە و بەهۆیەوە 23 كەس بوونە قوربانی.

هاوپەیمانی عەرەبی دژ بە حووسییەكان كە سعوودیە سەركردایەتی دەكات، لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، حووسییەكان هێرشیان كردووەتە سەر هەردوو فڕۆكەخانە ئابها و جازان لە باشووری وڵات، بەهۆیەوەیەش 23 كەس بوونەتە قوربانی.

بەگوێرەی بەیاننامەكە بێت، هێرشەكە سەعات 9:10ی شەوی رابردوو ئەنجام دراوە و بەهۆیەوەش دوو كەس گیانیان لە دەست داوە كە یەكێكیان سوورییە و 21ی تریش بریندارن كە ژن و منداڵ لە ناویاندا هەیە.

ئەمە یەكەم هێرشی حووسییەكانی یەمەن نییە بۆ سەر فڕۆكەخانەكانی عەرەبستانی سعوودیە، لە رابردووشدا دووجاری تر لە رێی فڕۆكەی مینڕێژكراوی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشی كردووەتە سەر فڕۆكەخانەی ئابها و جازان، تەنانەت بۆ سەر چەند پڕۆژەیەكی ئابووری ستراتیجی ئەو وڵاتەش، لەوانە پاڵاوگە و كێڵگەی نەوت، تەنانەت لە ماوەی نزیكی رابردوودا لە هێرشێكی تری حووسییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی ئابها 26 كەس بریندار بوون.

كەناڵی فەرمی عەرەبستانی سعوودیە، راگرتنی گەشتی فڕۆكەوانی لەو دوو فڕۆكەخانەیە بۆ كاتێكی نادیار راگەیاندووە، هاوكات وڵاتانی دنیاش هێرشەكەیان سەركۆنە كردووە.

حووسییەكانی یەمەن ئەو گرووپە چەكدارەن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن و ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە دوای بەهاری عەرەبی لەو وڵاتە، دەستیان بەسەر دەسەڵات گرتووە، بەرانبەر ئەمەش عەرەبستانی سعوودیە و چەند وڵاتێكی عەرەبی هاوپەیمانیەتییەكی سەربازییان دژیان راگەیاندووە و بە بەردەوام هێرش دەكەنە سەر سەربازگەكانیان.


وشە - فه‌رمان سادق