دوای داگرتنی ئاڵای کوردستان هەڕەشەی داخستنی بارەگاکانی حزبی شیوعی دەکرێت

:: AM:10:32:24/06/2019 ‌

ئەندامێکی مەکتەبی حیزبی شیوعی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانمان لەسەر بارەگای خۆمان ھەڵکردووە ھێزێکی عێراقی ئاڵاکەی داگرتووە و ئێستا جگە لە داگرتنی ئاڵاکە ھەڕەشەش دەکەن بارەگاکە دابخەن.


ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، ھندرێن ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی ھەفتەیەکە لە داقووق لە سنوری کەرکووک بارەگای خۆمان کردۆتەوە و لەسەر بارەگاکە ئاڵای کوردستانیشمان ھەڵکردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ھێزێکی عێراقی رۆیشتووە ئاڵاکەی داگرتووە و دوای ئەوەی ئاڵاکەیان داگرتووە ئێستا داوا دەکەن و ھەڕەشەش دەکەن پێویستە بارەگاکە بەتەواوی دابخەین و نابێت ئێمە بارەگامان لە داقووق ھەبێت .


ھندرێن ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تا لەگەڵ ئەو عەقڵییەتەی عێراق بژین و بەرەو سەربەخۆیی نەچین ھەر وا دەبین، چونکە ململانێ ھەر بەردەوام دەبێت و ئەوان ھیچ کاتێک نابنە دۆستی کورد .


"ساڵی رابردوو لە کەرکووکیش ئاڵای کوردستانیان داگرت، بەڵام ئێمە ئاڵای کوردستان لە ھەموو شوێنێک ھەڵدەدەین لەبەر ئەوەی رەمزی کوردستانە و قەت کۆڵ نادەین و ھەر بەردەوام دەبین " ئئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی وای گوت.


دووپاتی دەکاتەوە، ئەو ئالنگارییانەی لەو ناوچانە رووبەڕووی کورد دەبێتەوە، ئەوەمان لێ دەخوازێت کە یەکڕیز بین، چونکە پێکەوەبوونی ئێمە لەگەڵ عێراق کاتیییە و رۆژێک ھەر دێت لێک جیا دەبینەوە، بۆیە یەکریزی زامنی مافەکانی کوردە.


هەولێر/ بڵند ئیبڕاھیم



وشە - هیدایه‌ت جان