هاوسەرگیری پێشووەختەی كچانی ئاوارە پەرە دەستێنێ

:: PM:06:03:10/01/2017 ‌
بەپێی توێژینەوەیەكی رێكخراوی سی دی ئۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووكان كە تایبەتە بە پڕۆسەی هاوسەرگیری پێشووەختە كە لە دوو كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە دەركەوتووە، تەنیا لە كەمپی عەربەت كە ژمارەی دانیشتوانی 413 خێزانە، 37% هاوسەرگیری پێشووەختەیان ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ سێشەم لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیری پێشووەختە توێژینەوەیەك بڵاو كرایەوە كە لە كەمپی عەربەت و كەمپی ئاشتی تایبەت بەئاوارەكانی رۆژئاوا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام درابوو بۆ ساڵی 2016.

بەپێی توێژینەوەكە، لە كەمپی عەربەت كە كە نزیكەی 413 خێزان نیشتەجێن، 37%ی هاوسەرگیری پێشووەختەی تێدا ئەنجام دراوە و 63%ی هاوسەرگیری یاسایی بووە، ئەوانەیشی كە هاوسەرگیری پێشووەختەیان ئەنجام داوە تەمەنیان لە 10 تا 16 ساڵی دەست پێ دەكات.

توێژینەوەكە ئاشكرای كردووە، دوو هەزار و 840 خێزان لە كەمپی ئاشتی هەیە كە بەهەمان شێوە زیاتر لە 37%ی دانیشتووی كەمپەكە هاوسەرگیری پێشووەختەیان ئەنجام داوە.

لە ناوەڕۆكی توێژینەوەكەی رێكخراوی سی دی ئۆی سەر بەنەتەوە یەكگرتووكان ئاماژە بەوە كراوە كە 89%ی ئەو كچانەی هاوسەرگیری پێشووەختەیان ئەنجام داوە، ژنی یەكەمی لای پیاوەكانیان بوون و 9% ژنی دووەم و 2% ژنی سێیەم بوون.

دكتۆر نەوزاد ئەحمەد مامۆستای زانكۆ كە یەكێكە لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەكە بە"وشە"ی راگەیاند، لە توێژینەوەكەدا هۆكارەكانی جوگرافی و داونەریت و هۆكاری ئاینی كراوەتە پێوەر و لەسەر ئەو بنەمایە توێژینەوەكە ئامادە كراوە.

زیاتر گوتی، هۆكاری سەرەكی هاوسەرگیری پێشووەختە خراپی باری ئابووری خێزانەكانە لە كەمپەكاندا، بەشێوەیەك هەر خێزانێك باری ئابووری خراپ بووبێت زووتر ئەو پڕۆسەیەی بۆ كچەكەی ئەنجام داوە.

بەپێی یاسای باری كەسێتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هاوسەرگیری پێشوەختە لە دادگەكانی هەرێمی كوردستان قەدەغەیە، بەڵام بەگوتەی زۆرێك لە چالاكوانانی ژنان ئەو كچانەی هاوسەرگیری پێشوەختە ئەنجام دەدەن لە دادگەكان پرۆسەكە ئەنجام نادەن، بەڵكو لە ڕێگەی پیاوانی ئاینی یا بەپێی داونەریتی كۆمەڵایەتی خێزانەكان دەبێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم