له چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵێك چالاكى "ماڵى كتێب" له هه‌ولێر، سبه‌ى سێشه‌م سه‌روین ده‌روێشى شاعیر یه‌كه‌م دیوانى خۆى به‌ناوى "به‌ده‌م ئازاره‌وه سه‌ما" بڵاو ده‌كاته‌وه.
سه‌روین ده‌روێش به "وشه"ى راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده 13 ساڵه شیعر بڵاو ده‌كاته‌وه، به‌ڵام دیوانى"به‌ده‌م ئازاره‌وه سه‌ما" یه‌كه‌م دیوانى شیعرى ده‌بێت كه له 126 لاپه‌ڕه پێكهاتووه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م دیوانه سه‌رجه‌م شیعره‌كانى له‌خۆ ده‌گرن، سه‌روین گوتى "نه‌خێر به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵێك شیعرم پێشتر فه‌وتاون، ئێسته‌یش ده‌قه‌كانى ئه‌م دیوانه‌م نه‌ژماردووه، به‌ڵام له 126 لاپه‌ڕه پێكهاتووه".
سه‌روین باسى له‌وه‌یش كرد، ئه‌م كتێبه له بڵاوكراوه‌كانى "ماڵى كتێب"ه.
بڕیاره سبه‌ى سێشه‌م ٢٥ ى حوزه‌یران له هه‌ولێر "ماڵى كتێب" كۆمه‌ڵێك چالاكى ئه‌نجام بدات، یه‌كێك له چالاكییه‌كان ئه‌وه‌یه چوار كتێب به واژووى نووسه‌ره‌كانیان بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها خه‌ڵاتى رێزلێنان به 10 نووسه‌ر و شاعیرى به ئه‌زموون ده‌درێت، له‌وانه كه‌ریم ده‌شتى و ئیسماعیل به‌رزنجى و دڵشاد عه‌بدوڵا و موحسین ئاواره و هاشم سه‌ڕاج. جگه له‌م نووسه‌رانه‌یش خه‌ڵاتێكى رێزلێنان به وه‌لید مه‌عرووفى هونه‌رمه‌ند ده‌درێت.