شیراز جەلال: رۆڵی سۆزانی بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەم

:: AM:11:52:24/06/2019 ‌
ئەكتەری شۆخ و شەنگ شیراز جەلال /30 ساڵ/كە خەڵكی سلێمانیە و لە درامای "سەمای تەرزە"دا بەشداری كردووە. لەم دیمانەیەیدا بۆ "وشە" ئاماژە دەدات بەوەی كە لەو كارەیدا گازندە و رەخنەی لێ گیرا، بەڵام دەستخۆشییەكانی خەڵك پتر بوو.
 
چ شتێك تۆی هێنایە ناو بواری هونەری؟
 هونەر پیرۆزترین شتە لای من، بۆیە لە گۆرانیگوتنەوە دەستم بە كاری هونەری كردووە.

 تۆ یەكێك بوویت لە ئەكتەرەكانی درامای تەرزە تاچەند گلەییت لێ كرا؟
 ر استە گلەیی كرا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەستخۆشییەكە زۆرتر بوو بۆ من، رەخنە تەنیا لە برۆم زۆر گیراوە یان لە جلەكانم كە دووبارە بوو، ئەویش خەتای من نەبوو.
 
دڵتەنگ بوویت بە رەخنە و گلەییەكان؟
بێ ئومێد نەبووم چونكە هیچ شتێك بێ كەموكورتی نابێت.

چ شتێكی ئەو درامایە دڵی تەنگ كردی و بووە هۆی بێزاریت؟ 
 رەخنەی بینەر بۆ دەرهێنەر بێ تاقەتی كردم.
 
 لەم درامایە لە رووی مادییەوە مافی تەواوت پێ درا؟
من سەرەتا قسەم لەگەل كردن و كێشەم مادی نەبوو، چونكە حەزم لە بەشداریكردن بوو ، واتە لایەنی مادی نابێتە رێگر بۆ من .

 حەز بە چ رۆڵێك دەكەیت كە تا ئێستە بەرجەستەت نەكردووە؟
 رۆڵ بۆ من زۆرن كە حەزم لێ بێت، بەڵام بە شێنەیی دەستی پێ دەكەین.

 بۆچی ئەكتەرانی سلێمانی ناتوانن لەگەڵ هونەرمەندانی هەولێر بەیەكەوە فیلمێك یان درامایەك بەرهەم بێنن؟
ئێمە هونەرمەندین و ئەكتەرین، بۆیە جیاوازیمان نییە هەركات بۆمان گونجا بە خۆشحاڵییەوە پێكەوە كار دەكەین.

 ئەگەر داوات لێ بكەن بۆ بەرنامەی بەزمی بەزم بەشداری دەكەیت؟
 نەخێر لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم بۆ ستافی بەزمی بەزم، بەڵام حەزم لە كۆمیدیا نییە.
 
ئەو رۆڵانە چین ئەگەر پێت بدرێت رەتی دەكەیتەوە؟
رۆڵی سۆزانی بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەم.
 
 بۆچی كەم دەردەكەویت و دیمانە كەم دەكەیت؟
 من دوو ساڵە زیاتر دەركەوتووم و بەتایبەت لەم درامایە وەك پێویست چاوپێكەوتنم لەگەڵ كراوە. 

 چ شتێك لە كاری هونەری بێزارت دەكات؟
 تەنیا ئیستغلالكردن.
 
 بۆچوونت چییە كە دەڵێن كاتی ئەوە هاتووە ماچ بێتە ناو دراما و فیلمی كوردی؟
 هەركەسە و رای خۆی هەیە بەڵام وەك بزانم پێشتر بووە.

 ئەگەر درامایەك یان فیلمێك ماچ یان باوەشی تێدا بێت بەشداریی تێدا دەكەیت؟
 جارێ زووە بڕیار لەسەر ئەمە بدەم.
 
 چ شتێك لە هونەرەكەت خۆشەویستترە كە قوربانیی بۆ بدەیت؟
 هیچ شتێك نییە لە هونەرەكەم خۆشەویستتر بێت كە هونەرەكەم بكەمە قوربانی.

چ شتێكی خۆت بە دڵ نییە؟
 دڵپاكیی و عاتیفەكەم.

وشە/ ئەحمەد تاریق 




وشە - وشه‌