دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە چوار وەزیرەكە دەستی پێ كرد

:: AM:11:53:24/06/2019 ‌
دوای شەش مانگ لە پێدانی متمانە بە حكوومەت، عادل عەبدولمەهدی ناوی كاندیدانی چوار وەزارەتە بەتاڵەكە دەنێرێتە پەرلەمان و چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا متمانەیان پێ بدرێت.

كەمێك پێش ئێستە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پێدانی متمانە بە كاندیدانی چوار وەزارەتە بەتاڵەكە دەستی پێ كرد، پەرلەمانتارێكیش دووپات لە گەیشتنی سیڤییەکانیان بە ئەندامانی پەرلەمان دەكات.

میادە نەجار ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" دووپاتی لە گەیشتنی ناوی كاندیدانی چوار وەزارەتەكە كردەوە، ئاشكرای كرد كە حاكم فاروق ئەمین شوانی بۆ وەزارەتی داد كاندید كراوە، هەروەها  نەجاح حەسەن شەمەری بۆ وەزیری بەرگری، یاسین تەها یاسری بۆ وەزارەتی ناوخۆ و سفانە حەمدانی بۆ وەزارەتی پەروەردە کاندیدن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێستە دانیشتنی پەرلەمان دەستی پێ كردووە، كارنامەی كاریش دەنگدانە بە وەزارەتە بەتاڵەكان.

ماوەی زیاتر لە شەش مانگە ئەو چوار وەزارەتە بێ وەزیرن، دوای ئەوەی لە 24ی ئۆكتۆبەری 2018 پەرلەمان متمانەی بە كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی داوە. هاوكات، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشتر رای گەیاندبوو خولی دووەمی ساڵی یەكەمی دانیشتنەكانی پەرلەمان كۆتایی پێ نایەت تاوەكو دۆسیەی وەزارەتە بەتاڵەكان كۆتایی نەیەت، پێشتریش موقتەدا سەدر هەڕەشەی خۆپیشاندانی دژ بە حكوومەت راگەیاند ئەگەر ئەو چوار وەزارەتە یەكلا نەكرێتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق