چاكسازی یەكێكە لەو هەنگاوانە كە چاوەڕوان دەكرێ لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان بە چڕی كاری تێدا بكرێ، بەڵام هێشتا بەڕوونی دیار نییە چاكسازییەكان لەكام سێكتەرەوە دەست پێ دەكرێ، دامەزراوە فەرمییەكانی كوردستان كە كار لە بواری چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكەن، ئومێدیان بە ڕژدیی هەنگاوەكانی چاكسازی هەیە.
هەندێك خاڵی سەرەكی كە لەم حكوومەتەدا دەبینرێ، ڕاستەوخۆ دەری دەخات كە چاكسازی دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان. یەكێك لەو خاڵانە پێوەندی بە بەهێزیی كابینەكە و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەیە.
پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی باڵا لەم خولەدا بەڵێنی داوە ڕۆڵی كارا ببینن لە ئەنجامدانی چاكسازی و هاوكاری حكوومەت دەبن، بەگوێرەی قسەی جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوان بەڕوونی خاڵە ئەرێنییەكان بۆ چاكسازی دەبینن و ئومێدی زۆریشیان بۆ چاكسازیی ڕژد لە كوردستان هەیە.
سەعید هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئیرادەیەكی تۆكمە هەیە بۆ چاكسازی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان و چاوەڕێ دەكرێ هەنگاوی ڕژد لەوبارەیەوە بنرێ.
زیاتر گوتی، پەرلەمان و لیژنەی دەستپاكی بەڵێنیان داوە بەهەموو جۆرێك پشتگیری سەرخستنی چاكسازی لە كوردستان بكەن و سڵ لە ئاشكراكردنی هیچ گەندەڵییەك ناكەینەوە.
هەركی پێی وایە كە بەهێزیی مەسروور بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی كوردستان و ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ئەگەر بەهەمووان ئەو ئیرادەیان تێدابێ.
لەبارەی ئەو سێكتەرانەی بۆ سەرەتای چاكسازی دانراوە هەركی گوتی، هەموو سێكتەرەكان پێویستیان بە چاكسازی هەیە. "چاكسازی گەورە لە كوردستان پێویستییە و بەو حكوومەتە دەكرێ".
لە هەرێمی كوردستان پێشتر چەندان جار هەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی دراوە، بەتایبەت دوای پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی چاكسازی لەلایەن سەرۆك بارزانی، بەڵام لەو كاتەوە جگە لەوە یاسایی چاكسازی لە پەرلەمان پەسەند كرا، بەكرداری هیچ هەنگاوێكی تر لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكاندا نەنراوە.
بە بڕوای شارەزایان بۆ ئەو قۆناغەی كوردستان پێویستە چاكسازی لە بوارەكانی سیاسی و یاسایی و ئابووری و بازرگانی و ئیداری و بەڕێوەبردن و پلاندان و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و پەروەردە و تەندروستی بكرێت، ئەوەیش پێویستی بە پڕۆژەیەكی تۆكمە و هەمەلایەن هەیە.
جیا لە حكوومەتداری لە كوردستان ڕوانینێكی تر بۆ چاكسازی هەیە، ئەوەیش پێوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، بۆچوونێك لەسەر ئەوە هەیە كە ئەمجارە دەبێت وەك حزبی یەكەمی كوردستان چاكسازی ڕاستەقینە بكات، پارتی بەم بنكەفراوانە جەماوەرییەوە ئەگەر چاكسازی ڕاستەقینە لەڕێی حكوومەتەوە دەست پێ نەكات، ئەستەمە بگاتەوە ئەو ڕێژە كورسییەی كە ئێستە هەیەتی.
موشیر رەشید ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، دەستەیەكی تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێكردنی یاساكانی پێوەست بە چاكسازی و شەفافیەت، ئومێدی خۆی پێشان دا و دووپاتی لەوە كردەوە كە چاكسازی ڕاستەقینە لەم حكوومەتەدا بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەیەك دەست پێ دەكات.
ئەو بۆ "وشە" گوتی، لەماوەی ڕابردوو پەرلەمان پشتگیرییەكی ڕژدی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی نەبووە، بۆیە لەم خولەدا پەرلەمان و هەموو ئەو حزبانەی بەشدارن لە حكوومەت پابەند كراون كە دەبێت چاكسازی لە كوردستان بكرێ كە ئەوە بەڵگەیەكی روونی پڕۆسەكەیە.
وەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد هەلومەرجی كوردستان دەخوازێ چاكسازی بكرێت و زەوینە خۆش بكرێ بۆ پڕۆسەكە.
بە بڕوای ئەو بەڕێوەبەرەی گشتییە یاساییەی دەستەی دەستپاكی لە هیچ كات و شوێنێكدا ئەنجامدانی گۆڕانكاری چاكسازی بێ كێشە نابێت، ئەمە بۆ كابینەی نوێ و هەرێمی كوردستانیش راستە، بەڵام مەرجی یەكەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاكسازیی پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا و بەهێزە، بۆ ئەوەی كابینەكە بەهێز بێت و بەرگەی چاكسازی بگرێت، دەبێ پشتگیری تەواوی حزبە بەشدارەكان لە كابینەكە و دامەزراوەكان هەبێت.
لە هەرێمی كوردستان بەردەوام گرووپە خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەكان گەورەترین كۆسپن لە بەردەم چاكسازیدا، لەناو هەرێمیشدا بەشێكی بەرچاوی ئەو گرووپ و كەسە خاوەن بەرژەوەندییانە هەن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ حكوومەتی داهاتوو بە پلانێكی تۆكمە ڕووبەڕووی ئەوان ببێتەوە بەشێوەیەك هەنگاوەكانی چاكسازی دەبێت بەپێی پلانێكی تۆكمە و لەسەرخۆ و قۆناغ بە قۆناغ بچێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی هەم حزبەكان و هەم كۆمەڵگە بتوانن خۆیان لەگەڵ هەنگاوەكانی چاكسازی بگونجێنن.
لای خۆیەوە ئەحمەد وەرتێ چاودێری سیاسیی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئێستە بەهۆی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان، زەوینەی چاكسازی لە كوردستان هەیە و پێویستە هەمووان پشتگیری بكەن.
ڕوونی كردەوە كە حكوومەتی داهاتوو تۆكمەیی پێوە دیارە و دەتوانێ ڕووبەڕووی ئاستەنگەكانی چاكسازی ببێتەوە.