ساڵانە شەش ملیۆن كەس بەهۆی جگەرەوە دەمرن

:: PM:06:05:10/01/2017 ‌

رێكخراوی تەندروستی جیهان پێشبینی دەكات كە ژمارەی ئەوانەی لە سەرانسەری دنیا بەهۆی جگەرەكێشانەوە ساڵانە دەمرن لە شەش ملیۆن كەسەوە بۆ هەشت ملیۆن لە 2030 زیاد بكات. 

رێكخراوەكە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە لەو توێژینەوەی بە هاوكاری پەیمانگەی نیشتیمانی ئەمەریكا بۆ شێرپەنجەی ئەنجامی داوە دەركەوتووە كە پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 80% لەو حاڵەتانەی مردن لە وڵاتانی داهات نزم بێت، واتە وڵاتانی هەژار.

ئاماژەی كرد كە توێژینەوەكە لەلایەن زیاتر لە 70 شارەزای جیهانی پێداچوونەوەی بۆ كراوە و ئاماژە دەكات كە جگەرەكێشان ساڵانە زیاتر لە ملیارێك دۆلاری ئەمەریكایی زیانی هەیە، لە پارەی تەرخانكراو بۆ چاودێری تەندروستی و بەرهەمهێنانی جگەرە كە بەهەدەر دەچێت.

بەیاننامەكە روونی دەكاتەوە كە تێچووی جگەرەكێشان زۆر زیاترە لە داهاتی باج لەسەر تووتن كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە نزیكەی 269 ملیار دۆلاری قەبڵاندووە لە ساڵانی 2013 و 2014. 

شارەزایانی رێكخراوەكە ئاماژەیان كرد كە جگەرەكێشان گەورەترین هۆكاری مردنە لەسەر ئاستی جیهان كە دەتوانرێت خۆی لێ بپارێزرێت، رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە بەردەوام رای گەیاندووە كە جگەرەكێشان یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و سی و دڵ و لوولەكانی خوێن. 

سەرچاوە: ئەنادۆڵۆ


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل