لە سنوری شارەدێی مەندەلی تونیلی داعش لەژێر زەوی
ئاشكرا دەبێت و لە شارۆكەی خانەقینیش بە
هۆکاری تەناهی هاتوچۆی ماتۆڕسكیل بەشەوان قەدەغە كرا.
ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، غالب عەتییە گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە "وشە"ی راگەیاند، پۆلیسی
دیالە و سوپا و هێزەكانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەوڵەكانیان چڕ كردۆتەوە بۆ بنبڕکردنی
مەترسییەكانی داعش لەناوچەی نەدای سنووری شارەدێی مەندەلی.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەمڕۆ بۆ رۆژی دووەم گەڕان
و پشكنین بەردەوامە بۆ پاشماوەكانی داعش، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ لە ناوچەی نەدای
سنووری شارەدێی مەندەلی هێزەكانی پۆلیس و سوپا پێكەوە چەند مۆڵگەیەکی داعشیان كردە
ئامانج .
"داعش لە ناوچەكە سەنگەر
و تونیڵیان لێداوە و لە كاتی نزیكبوونەوەی هێزە هاوبەشەكان خۆكوژێك ویستی خۆی بتەقینێتەوە
بە هێزەكانیاندا، بەڵام تەقەی لێكرا و كوژرا .
هاوكات لە
شارۆكەی خانەقین هاتوچۆی ماتۆڕسكیل لە سەعات 8ی شەو بۆ 6ی بەیانی راگەیەنرا بۆ كاتێكی
نادیار كاری پێ دەكرێ.
محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی شارۆكەی خانەقین، بۆ
"وشە" ئاشكرای كرد، بۆ لەمەولا لە سەعات هەشت بۆ شەشی بەیانی وەك پلانێكی تەناهی
هاتوچۆی ماتۆر سكیل قەدەغە دەكەین بە شەواندا و لەم ئێوارەوە بڕیار دراوە هەر ماتۆڕ
سكیلێک ببینرێت دەیگرن.
هێمن حەسەن، شارەزایەكی دۆخی تەناهی ناوچە كوردستانییەكان
بۆ "وشە" ئاماژەیدا، ناوچەی نەدای سنووری مەندەلی پێشتریش مۆڵگەی قاعیدە
بوو و شوێنێكی لەبارە بەهۆی بەرفراوانییەوە بۆ رێكخستنەوەی گروپە تیرۆریستەكان، بەدەر
لەوەش گرتنەبەری پلانی تەناهی بۆ هاتوچۆی ماتۆڕسكیل كارێكی گرنگە چونكە خۆكوژەكان
زۆر جار بەكاریان هێناوە.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی