دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بژاردەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران رەت كردەوە بەهۆی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆکەوانی ئەمەریكی لە نزیك گەرووی هورمز، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێ، سزای زیاتر دەخەینە سەر ئێران و هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی هێرش كردنە سەر ئێرانیش دەبەستێتەوە بە دیوە مرۆییەكەی كە قوربانی زۆری لێ دەكەوێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران،
مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، ئەمەریكا باوەڕی نەكردووە كە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە گەڕۆكەكە بە رەزامەندی سەركردایەتی ئێران بێت، ئەمەش هۆكاری سەرەكی رەت كردنەوەی هێرشی سەربازی بوو بۆسەر ئێران كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆتا سات بڕیارەكەی دا.
ئاشكرا كردنی نهێنی هێرش نەكردنە سەر ئێران وەك تۆڵە سەندنەوە لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكە لە كاتێكدایە پێشتر ترەمپ لە بەهای كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی كەم كردەوە، گوتی "رەنگە بە هەڵە ئەوە كرا بێت".
بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی تاران رایان گەیاند، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانیان لە جۆری "گلوبال هۆك"ی ئەمەریكی خستووەتە خوارەوە كە بۆ مەبەستی سیخوڕی ئاسمانی ئێرانی بەزاندووە، بەڵام ئەمەریكا رای گەیاند، فڕۆكەكە لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەكان كەوتووەتە خوارەوە.
ترەمپ لە بارەی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاماژەی بەوەدا، پێمان وایە ئێران بە هەڵە ئەو كارەی كردووە، رەنگە كاربەدەستێكی باڵای ئێران بە هەڵە ئەو كارەی كرد بێت.
لێدوانەكان لە كاتێكدان هێشتا بارگرژی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە هەر ماوە، بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بە خستنەڕووی بۆچوونێكی تر نهێنییەكەی ئاشكرا كرد و گوتی "پێموایە وەڵامدانەوەكە زیانێكی زۆری مرۆیی لێ دەكەوتەوە بۆیە ترەمپ بڕیاریدا هێرشی سەربازی نەكرێتە سەر ئێران".
دووپاتی لەوە کردەوە، سەرۆك ئاگاداری هەڵسەنگاندنی زیانە مرۆییەكان بوو، كۆمەڵێك زانیاری وردی لەبەر دەست بوو لە بارەی وەڵامدانەوە و هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران، بۆیە بە هەڵسەنگاندن و بەراورد كردنی زیانە مرۆییەكان بە بەهای فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكە، هاوسەنگ نەدەبوون و زیانە مرۆییەكان زۆر گەورەتر بوون و سەرۆكیش بەها مرۆڤایەتییەكەی پێشخست و بە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەشی گوت كە ئەمەریكا باشترینی دەوێت بۆ گەلی ئێران، بەڵام دەبێت ئێران لەوە تێ بگات كە ئەمەریكا رێگە نادات ببێتە خاوەنی چەكی ناوكی، چونكە ئەو وڵاتە پاڵپشتی سەرەكی گروپە تیرۆریستییەكانە لە دنیا.
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەش كرد، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو هیچ كات بەهایان بۆ ژیانی مرۆڤ دانەناوە، بەڵكو هەمیشە سەرقاڵی چاندنی تیرۆر بوونە لە هەموو ناوچەكە و دنیا، ئەمەریكاش رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ناوكی و هەڕەشە لە ئەمەریكا و ئیسڕائیلی هاوپەیمانی بكات.