وێنە.. ئۆتۆمبێلێك لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر کەوتە خوارەوە

:: PM:01:27:24/06/2019 ‌
ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێك لە جۆری تەكسی لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر، لە بەشە تەواونەكراوەكە دەكەوێتە خوارەوە و شوفێرەكە بە قورسی بریندار دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی حوزەیران، مزەفەر كانەبی شوفێر و شایەتحاڵی ڕووداوەكە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەعات 10 و نیووی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی جۆری تەكسی نیسان لەسەر بەشی چوارەمی شەقامی 120 مەتری هەولێر كەوتە خوارەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو بەشەی شەقامەكە خۆڵە و تەواو نەكراوە، بۆیە هەر كاتێك ئستۆپ بكەیت لە خێرایی سەرووی 60 كیلۆمەتر ئەوا تووشی ئەو حاڵەتە دەبیت و شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش بە قورسی بریندار بوو و لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر گوازرایەوە.

ڕۆژی شەموو 15ـی حوزەیران، ئەمیر عەبدولخاڵق بەڕێوەبەری پرۆژەكانی هێمن گرووپ بۆ دروستكردنی شەقامی 120 مەتری بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕووداوی كەوتنە خوارەوەی ئۆتۆمبیڵ لە شەقامی 120 مەتری، هیچ پێوەندییەكی بەو سێ‌ بەشەی شەقامەكەوە نییە کە تەواو كراون.

زیاتر ڕوونی كردەوە، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەكەی تێدا كەوتە خوارەوە بەشی چوارەمی شەقامەكەیە لەلایەن كۆمپانیا توركییەكەوە بە تەواونەكراوی جێهێڵدراوە، لە بنەڕەتیشدا ئەو بەشە نەكراوەتەوە، بەڵام هاووڵاتییان بەكاری دەهێنن.

ئاشكرای كرد، ئەو بەشە هیچ مەرجێكی هاتوچۆی تێدا نییە كە دەكەوێتە رێی كەركووك بۆ ڕێی مووسڵ، بەمنزیكانەش بە تەواوەتی ئەو ڕێیە دادەخەین، چونكە ئێمە ئەو بەشە وەردەگرین بۆ ئەوەی تەواوی بكەین وەك سێ‌ بەشەكەی تر.

شەقامی 120 مەتری هەولێر یەكێكە لە شەقامە گرنگەكان، چەندان پرد و ژێر پرد لە خۆ دەگرێت و لە هیچ شوێنێكی ئەو شەقامە ترافیكی نییە و پێش جەژن بەشی سێیەمی كرایەوە.







وشە - رامیار جەواد