كاندیدانی داد و بەرگری و ناوخۆ متمانەیان پێدرا و پەروەردە شكستی هێنا

:: PM:01:34:24/06/2019 ‌
كەمێك پێش ئێستە پەرلەمانی عێراق متمانەی بە وەزیرانی داد و بەرگری و ناوخۆ دا، هاوكات كاندیدی وەزارەتی پەروەردە شكستی هێنا و متمانەی پەرلەمانتارانی بەدەست نەهێنا.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، پەرلەمانی  عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بۆ دەنگدان لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەت كۆبووەوە، دوای ئەوە دێت كە ژیاننامەی كاندیدەكان دوێنێ بەسەر ئەندامانی پەرلەمان دابەشكرا.

فاروق ئەمین شوانی لەسەر پشكی كورد متمانەی ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بوو بە وەزیری داد، هاوكات یاسین ئەلیاسری كرا بە وەزیری ناوخۆ و عەلی شەمەری وەزیری بەرگری، بەڵام سفانە حەمدانی كاندید بۆ وەزارەتی پەروەردە شكستی هێنا و نەیتوانی متمانەی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

شكستی سفانە حەمدانی كاندیدی سوننەكان، دەبێتە تەگەرەیەكی تر لە بەردەم حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی كە بە دەنگدان بەو سێ وەزیرە لە كۆی 22 وەزارەتی كابینەكەی، پەرلەمان متمانەی بە 21 وەزیر داوە.

كابینەكەی حكوومەت لە 24ی ئۆكتۆبەری 2018 لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە بە 14 وەزیری درا، دواتر بەهۆی ناكۆكی قووڵی نێوان هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیمانی سائیروون لەسەر كاندید كردنی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، زیاتر لەشەش مانگ چوار وەزارەتی حكوومەت بێ وەزیر بوون، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، عەبدولمەهدی پشتی لە فەیاز كرد و یاسین ئەلیاسری كاندید كرد بۆ وەزارەتی ناوخۆ.



وشە - فه‌رمان سادق