حکوومەت بڕیاری پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایانی دەرکرد

:: PM:02:23:24/06/2019 ‌

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رای دەگەیەنێت، بەھۆی تەنگژەی دارایی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستا و فەرمانبەران ماوەی چەند ساڵێکە وەستاوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی پلە بەرزرکردنەوە دەست پێ بکاتەوە و قەرەبووی ئەو چەند ساڵەی ڕابردووشیان بکرێتەوە.


ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، عەبدولواحید محەمەدسەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند،دوای تەنگژەی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پلە بەرزکردنەوەی مامۆستا و فەرمانبەرانی راگرتبوو، بەڵام ئێستا دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان باشتر بووە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوە دەست پێ بکاتەوە و تەنیا ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی رێنمایی دەربکات و گشتاندنی بکات بەسەر وەزارەتەکان.


زیاتر روونی دەکاتەوە، ھەرمامۆستا و فەرمانبەرێک لە چەند ساڵی ڕابردوو پلە بەرزکردنەوەی بۆ نەکرابێت بۆی قەرەبوو دەکرێتەوە و مافی فەرمانبەران و مامۆستایان ناخورێت.


عەبدولواحید محەمەد دووپات لەوە دەکاتەوە، ماوەی دووساڵ سەرمووچە راگیرابوو، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوانەش قەرەبوو دەکاتەوە.


هەولێر/ بڵند ئیبراھیم

 



وشە - هیدایه‌ت جان