لە ترسی تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكان كۆمەڵ كۆنگرەی دواخست

:: PM:02:24:24/06/2019 ‌

 تا ئێستە وادەی بەستنی كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی نادیارە و بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبەوە وادەی بەستنی كۆنگرە دوا كەوتووە.

"وشە" زانیویەتی، كە ئێستە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و ستافەكەی سەرقاڵی دامركاندنەوەی ناڕەزاییەكانی ناو ئەو حزبەن تا بڕیار لەبارەی بەستنی كۆنگرەوە بدەن، چونكە تا ناڕەزاییەكان بەردەوام بن، ئەستمە ئەو حزبە بتوانێ‌ كۆنگرە بكات.

بیلال سلێمان ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كۆمەڵ لە ساڵی 2019 دا كۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات، بەڵام تائێستە وادەی ئەنجامدانەكەی دیاری نەكردووە.

روونیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەی چوارشەمی رابردووی سەركردایەتی باس لە ئەنجامدانی كۆنگرە كراوە و لیژنەی ئامادەكاریشی بۆ پێكهێندراوە، بەڵام كێشە لە وادەی ئەنجامدانەكەی هەیە كە تا ئێستە دیاری نەكراوە.

لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دەستیان لەكاركێشایەوە و وازهێنانی خۆیان لەو حزبە راگەیاند. هەروەك دوای ئەوەش دەیان كادیری ئەو حزبە بە هۆكاری جیاواز وازیان هێنا و دەستیان لە كۆمەڵی ئیسلامی كێشایەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم