هاوپەیمانی سائیروون هەڕەشە لە عەبدولمەهدی دەكات

:: PM:02:51:24/06/2019 ‌
لەگەڵ دەنگدان بە وەزارەتە بەتاڵەكان و كۆتایی هاتنی دۆسیەی حكوومەت و هەمواركردنەوەی یاسای بودجە بە مەبەستی پێدانی كاتی زیاتر بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پلە تایبەتەكان. هاوپەیمانی سائیروون، هەڕەشەی دەنگنەدان بە پلە تایبەتەكان دەكات ئەگەر لە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ نەبن.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان بە كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوپەیمانی سائیروون، هەڕەشەی ئەوە لە عادل عەبدولمەهدی دەكەن كە دەنگ بە دۆسیەی پلە تایبەتەكان نادەن ئەگەر كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ كاندید نەكات.

نەبیل تەڕەفی گوتەبێژی هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر پشتگیری لێ دەكات، ئاماژەی بەوەدا، دەنگ بە هیچ كاندیدێكی پلە تایبەت و دەستە سەربەخۆكان نادەین، ئەگەر كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ كاندید نەكرێن.

گوتەبێژی هاوپەیمانی سائیروون گوتی "ئەگەر كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ و پاك و پیشەیی بن ئەوا دەنگیان پێ دەدەین و پێمان وایە ئەو هەنگاوە دەبێتە سەرەتای كۆتایی هاتن بە پشك پشكێنەی حزبی و تایفەگەری و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی قووڵ لەناو دەوڵەت كە ریشەی داكوتاوە".

دووپات لەوە کراوەتەوە "وەك هاوپەیمانی سائیروون كار دەكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەسكەوتێك كە بۆ بەرپرسان بڕاوەتەوە، یان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بڕاوەتەوە، پێداچوونەوە بەو دۆسیەیەش دەكەین و دادپەروەری كۆمەڵایەتییان لەسەر جێبەجێ دەكەین".

ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگی بە كاندیدانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و داد دا، بەڵام كاندیدی وەزارەتی پەروەردە شكستی هێنا و نەیتوانی متمانەی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.



وشە - فه‌رمان سادق