سیستمی فایبەر ئۆپتیك بۆ سلێمانی و هەڵەبجە پەسەند كرا

:: PM:06:36:10/01/2017 ‌
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی فایبەر ئۆپتیك (FTTH)ی بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی گەرمیان و راپەرین پەسەند كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ سێشەم بڵاو كراوەتەوە، لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی راوێژكاری وەزارەتەكە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كە تایبەتە بەكار و چالاكی و داتای ساڵی 2016 پەسەند كراوە و بڕیار دراوە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پێشكەش بكرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاشكرا كراوە كە لەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆژەی فایبەر ئۆپتیك (FTTH) بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین پەسەند كراوە و بڕیار دراوە كە پڕۆژەكە بۆ جێبەجێكردنی بخرێتە كێبركێی ڕاستەوخۆی كۆمپانیاكانی بواری ئینتەرنێت.

ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ‌، مەولوود باوە موراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بڕیاری داوە كێشە و گرفتەكانی وەزارەتەكەی لە ڕاپۆرتێكدا پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكات.

هاوكات وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە كە پێویستە ساڵی نوێ‌ ساڵی نوێكاری و چاكسازی بێت لە وەزارەتەكەیان.

سیستەمی فایبەر ئۆپتیك(FTTH)  سیستمێكی پێشكەوتووی هیڵس ئینتەرنێتی جیهانییە كە خێرایی و كوالیتی هیڵەكە بەرز دەكاتەوە، هاوكات نرخەكەی دادەبەزێنێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم