بیرى ئیسلامى سیاسى به‌سه‌ر عه‌فرین ده‌سپێنرێت

:: PM:03:52:24/06/2019 ‌
رۆژنامه‌یه‌كى توركى ئاشكراى ده‌كات، ماوه‌یه‌كه‌ توركیا و هێزه‌ سوورییه‌كانى سه‌ر به‌ توركیا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تێك بۆ سه‌پاندنى بیرى ئیسلامى سیاسى به‌ سه‌ر شارى عه‌فرین كه‌ ماوه‌ى ساڵێك و سێ مانگه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ داگیر كراوه‌.

رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركى ئه‌مڕۆ دووشه‌م 24ى حوزه‌یران له‌ راپۆرتێكدا باس له‌و هه‌وڵانه‌ى توركیا ده‌كات كه‌ بۆ به‌ تورككردنى عه‌فرین و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ترى سووریا ده‌یدات. له‌ سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ "توركیا ئایین و فێركردنى كردووه‌ته‌ دوو ته‌وه‌رى گرنگ و ترسناك بۆ به‌ تورككردنى ناوچه‌كانى سووریا، ئه‌مه‌یش له‌ رێگەی چه‌ند هێزێكى چه‌كدارى سووریاوه‌ ده‌بێت كه‌ سه‌ر به‌ توركیان".

دواتر راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ شارى عه‌فرین به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و دەڵێ، به‌ تایبه‌تى له‌ ناوچه‌ى عه‌فرین له‌ باكورى رۆژئاواى سووریا كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ژێر پرۆسه‌یه‌كى فراوانى گۆڕینى دیمۆگرافى دایه‌. له‌م ناوچه‌یه‌ بیروباوه‌ڕى ئاكپارتى ئیسلامى ده‌خرێته‌ زه‌ینى ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ له‌ عه‌فرین ماونه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى  ئه‌مانه‌یش ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ به‌ چه‌كدارانى سه‌ر به‌ ئه‌نكه‌ره‌ و خێزانه‌كانیان ده‌درێت كه‌ له‌ عه‌فرین ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵى نزیكه‌ى 300 هه‌زار كه‌س گرتووه‌ دواى ئه‌وه‌ى شاره‌كه‌یان جێهێشتووه‌.

له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌و تێڕوانینه‌ ئیسلامییه‌ى به‌سه‌ر خه‌ڵكى عه‌فرین و ناوچه‌كانى سووریا ده‌سه‌پێنرێت، تێڕوانینێكى عوسمانییانه‌یه‌، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێدا روو ده‌دات كه‌ توركیا دیوارێك بۆ جیاكردنه‌وه‌ى عه‌فرین دروست ده‌كات. 

 ئه‌حوالى توركى ده‌ڵێ یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك به‌ ناوى "شه‌باب هودا" كه‌ خۆیان به‌ سوورى ده‌ناسێنن، ده‌ستیان كردووه‌ بە چالاكی ئاینى له‌ عه‌فرین، ئه‌مه‌یش به‌ هاوكارى وه‌قفى ئاینى توركیا كراوه‌. كۆمه‌ڵه‌كه‌یش له‌م هه‌فته‌یه‌دا راگه‌یاندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دواتر له‌ لایه‌ن ئاژانسى ئه‌نادۆڵۆوه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ هاتووه‌ كۆمه‌ڵه‌ى شه‌با هودا له‌ عه‌فرین و چه‌ند شارۆكه‌ و گوندێكى سه‌ر به‌ عه‌فرین خولى ئاینییان بۆ منداڵان و هه‌رزه‌كاران كردووه‌ته‌وه‌.

كۆمه‌ڵه‌كه‌ باسى له‌وه‌یش كردووه‌، له‌ خوله‌كه‌دا هه‌وڵ دراوه‌ هۆشیارى دژ به‌ تیرۆر بڵاو بكرێته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و بۆیه‌ وه‌ها باسیان له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌ گوایه‌ له‌لایه‌ن سوپاى ئازادى سووریا و هێزه‌كانى توركیا له‌ تیرۆریستان ئازاد كراون. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌یش  وه‌قفى ئاینى توركیا هاوكارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ندان چالاكى ئاینى له‌ مانگى ره‌مه‌زان ئه‌نجام بدرێت.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ماڵپه‌ڕه‌ توركییه‌كه‌ باسى كردووه‌، له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ى توركیا به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بایه‌خ به‌ منداڵان و هه‌رزه‌كارانى عه‌فرین ده‌دات بۆئه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕى ئاینییان به‌سه‌ر بسه‌پێنرێت.  له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، ئه‌نكه‌ره‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عه‌فرین هه‌وڵ ده‌ده‌ن چه‌ندان شێوازى جیاواز به‌كار بهێنن بۆ ئه‌وه‌ى پاشماوه‌ى دانیشتووانى شاره‌كه‌ و هاووڵاتییانى كورد ده‌ربكه‌ن، دواتریش ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ پرۆسه‌ى گۆرانكارى دیمۆگرافى ته‌واو له‌ ناوچه‌كه‌دا.

 ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركیا ئه‌وه‌ به‌بیر خوێنه‌رانى ده‌هێنێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ توركیا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات نایه‌وێ له‌سه‌ر خاكى سووریا بمینێته‌وه‌، به‌ڵام به‌په‌له‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانبه‌رانى خۆى ره‌وانه‌ى سووریا بكات، به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى كه‌ به‌ ئۆپراسیۆنى "زرێ فوڕات" و "چڵه‌ زه‌یتوون" داگیركراون.  ماڵپه‌ڕه‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، توركیا به‌م كاره‌ى رووخسارى داگیركاره‌ كۆنه‌كان ده‌رده‌خات و ده‌ست به‌سه‌ر ماڵى سوورییه‌كان داده‌گرێ و ناوى شه‌قامه‌كان ده‌گۆڕێ.

 ماڵپه‌ڕه‌ توركییه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ ماوه‌ى رابردوودا كتێبى قوتابخانه‌ به‌ پرۆگرامى توركى به‌سه‌ر 360 هه‌زار قوتابى عه‌فرین و ناوچه‌كانى جه‌رابلس و ئه‌عزاز و ته‌واوى ئه‌و ناوچانه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌یش نیگه‌رانییه‌كى زۆرى له‌لاى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌حوالى توركى ده‌ڵێ، لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى سووریایش له‌و هه‌وڵانه‌ى توركیا ناڕازین و ته‌نانه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ له‌ توركیایش نزیكن، به‌ڵام ئه‌مانه‌ى سه‌ر به‌ توركیان تا ئێسته‌ بوێرییان نه‌بووه‌ هه‌ڵوێستى خۆیان ئاشكرا بكه‌ن.

له‌ 18ى ئادارى ساڵى 2018 دواى ئۆپراسیۆنێكى 57 رۆژه‌ بۆ سه‌ر شارى عه‌فرین، هێزه‌كانى توركیا و له‌گه‌ڵ چه‌ند هێزێكى توندڕٍه‌وى سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنى سووریا، شارى عه‌فرینیان داگیر كرد. له‌ كاتى داگیركردنى شاره‌كه‌ سه‌تان هه‌زار كه‌س ئاواره‌ بوون، دواتریش توركیا ده‌ستى كرد به‌ گواستنەوەی فه‌رمانگه‌كانى خۆى بۆ ئه‌م شاره‌ و پرۆگرامى توركى به‌سه‌ر خوێندنى قوتابیان سەپاند. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌ندێك میدیاى دوور له‌ حكوومه‌تى توركیا ئاماژەیان داوە، توركیا ده‌ستى كردووه‌ به‌وه‌ى بیرى ئیسلامییانه‌ى ئاكپارتى به‌سه‌ر خه‌ڵكى عه‌فرین بسه‌پێنێ.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل