شكستی ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵ بەهای لیرەی بەرز كردەوە

:: PM:04:04:24/06/2019 ‌
بەهای لیرەی توركی بەرێژەی 2% بەرز بووەوە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە 24 سەعات دێت بەسەر شكستی بیناڵی یڵدرم كاندیدی ئاكپارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەرانبەر بە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوو كاندیدی جەهەپە.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی بۆرسەی ئاڵوگۆڕی دراو لە توركیا، لیرە بە ڕێژەی 2% بەرانبەر دۆلار بەهای بەرز بووەوە، ئێستە 5.717 لیرە بەرانبەر یەك دۆلارە و چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتووی نزیكدا بەهای زیاتر بەرز ببێتەوە.

ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ كۆتایی بە دەسەڵاتی ئاكپارتی لە ئیستەنبوڵ هێنا كە ماوەی 25 ساڵ بەردەوام بوووە، بەپێی پێوەری دەسەڵاتیش بێت لە توركیا، شارەوانی ئیستەنبوڵ لای كام هێز بێت ئەوا دەسەڵاتی حكوومەتیش بەدەست ئەو دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەكان، لە سەرەتای ئەمساڵ تا شەوی رابردوو، لیرە بەرانبەر بە دۆلار بەڕێژەی 15% پاشەكشەی كردووە و بەهای دابەزیوە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ پاش بردنەوەی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دژ بە كاندیدی دەسەڵاتدار، بە ڕێژەی 2% بەرانبەر دۆلار بەهای بەرز بووەوە.


وشە - فه‌رمان سادق