یەكێتی كێشەی یەكلا كردنەوەی كاندیدەكانی بە كەركووكەوە دەبەستێتەوە

:: PM:05:11:24/06/2019 ‌

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، هیچ گرفتێكیان لە دیاریكردن و یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان نییە و چاوەڕێی پارتی دەكەن بۆ ئەو پرسە. بزووتنەوەی ئیسلامیش ئاماژە بەوە دەكەن كە كاندیدیان بۆ وەرگرتنی پۆستی حكوومەت ئامادەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، جەمیل هەورامی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە یەكێتی هیچ كێشەیەكی لە دیاریكردنی كاندیدەكان نییە و تەنیا چاوەڕێی پارتی دەكەین لەسەر پرسی كەركووك دڵنیامان بكەنەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە هەنگاو نراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەمانەوێت پرسی كەركووكیش یەكلا ببێتەوە ئەوكات كاندیدەكان یەكلا دەكەینەوە و پێكهێنانی حكوومەت كۆتایی پێدەهێنین.

لای خۆیەوە ئاری عەبدوللەتیف كادری بزووتنەوەی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، پێش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی باڵا لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی كراوەو پارتی پێی باشبووە لە كابینەی نۆی حكوومەت بزووتنەوە بەشداری بكات.

زیاتر گوتی، بەشداریكردنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كابینەی نۆ لەسەر بنەمای كورسی پەرلەمان نییە، بەڵكو وەك حزبێكی خاوەن مێژوو و خەبات بەشداری پێدەكرێت.

دووپاتی كردەوە كە بزووتنەوەی ئیسلامی لە كابینەی داهاتوو پۆستێكی وەزاری وەردەگرێت كە وەزارەتی ئەوقاف دەبێت و لەناو بزووتنەوەیش كۆ دەنگی هەیە كە محەمەد عەلی عەبدولعەزیز كاندیدە بۆ ئەو پۆستە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم