نوێنەرانی كورد لە بەغدا سەركۆنەی هەڵسوكەوتی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە عێراق دەكەن كە دەیانەوێ كێشە بۆ رەوانەكردنی پشكی بودجەی هەرێم دروست بكەن. دانا جەزا دووپاتی كردەوە، ناتوانرێ یاسای بودجە پێشێل بكرێت و بگۆڕێت تەنیا بە یاسایەكی تر نەبێت.
دوای ئەوەی چەند هێزێكی سیاسی هەرێمی كوردستان نەیانتوانی لە هەڵبژاردن دەنگ بێنن و ببنە خاوەنی دەستكەوتی باش لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستە چەند لایەنێکیان و یەک دوو پەرلەمانتاری گۆڕان، بە هەموو شێوەیەك گوشار دەخەنە سەر هەرێم و خەڵكەكەی كە دەنگیان بەوان نەدا، بۆیە لە بەغدا و لە رێی نوێنەرانیان خەریكی دروستكردنی كێشەن بۆ هەرێمی كوردستان.
دانا جەزا پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لەوبارەوە بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، ئەگەر لە رووی یاساییەوە سەیری پرسەكە بكەین، بودجەی 2019ی عێراق لەناو پەرلەمان و بەدەنگی زۆرینەی رەهای پەرلەمانتاران پەسند كراوە و یاساكە جێبەجێ كراوە، لە مادەی 10ی یاساكە ئەرك و دەسەڵات و مافەكانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی دەستنیشان كراون لە پرسی بودجەدا.
زیاتر گوتی، راستە لە بڕگەیەكدا ئاماژە بەوە كراوە كە حكوومەتی هەرێم پابەندە بە فرۆشتنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێی كۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام لە بڕگەیەكی تر كە وەك دەستكەوتێكی نوێنەرانی كورد حیساب دەكرێت، ئەو بڕگەی پێشووی وابەستە نەكردووە بە رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەر و پێشمەرگەی هەرێم، واتە ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتەش نەدات حكوومەتی عێراق بڕی ئەو زیانەی لێی دەكەوێت لە حكوومەتی هەرێمی دەبڕێت و ئەوەی تری بۆ شایستەی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانە دەكات.
ئاماژەی دا، ئەمە یاسایە و ناتوانرێ پێشێل بكرێت، هەروەها یاسا تەنیا بە یاسا دەگۆڕێت كە ئەوەش دەبێت لە پەرلەمان بێت و هیچی وا نەكراوە.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی لە وەڵامی ئەوەدا روونی كردەوە كە حكوومەتی عێراق تا ئێستە بە تەواوەتی بودجەی هەرێمی نەناردووە و ئەوەی ناردوویەتی نیوەی بودجەكەیە، بۆ نموونە حكوومەتی فیدراڵی عێراق دەبێت ساڵانە نزیكەی 11 ترلیۆن دینار بدات بە هەرێم وەك بودجەی بەكارخستن و پەرەپێدانی هەرێمەكان و مووچە و هەموو شتێك، بەڵام ئەوەی ئێستە حكوومەتی عێراق دەیدات نزیكەی شەش ملیار دینارە، مانای ئەوەی هەیە حكوومەتی بڕیویەتی و ئەوەی رەوانەی كردووە تەواوی بودجەی هەرێم نییە، سكاڵای ئەو پەرلەمانتارانە لەكاتێكدا دەكرێت ئەگەر بەغدا تەواوی بودجەكە رەوانە بكات و هەرێمیش هیچ نەوتی پێ نەدات، بۆیە ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە دەیكەن تەنیا بۆ ختووكە و راكێشانی رای جەماوەرە.
جەزا دووپاتی كردەوە کە دوو هۆكار لە پشتەوەی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانەیە، یەكەمیان هەندێك هێزی سیاسی هەن دەیانەوێ ئەو كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی شكست بێنێت یان بڕووخێت، یان تووشی كێشەی بكەن، دووەمیش هەندێك پەرلەمانتار بەدەر لە هێزە سیاسییەكانیان ركابەری كەسی و هەڵوێستی خۆیانە لەگەڵ وەزیرێك یان حزبێكی تر دەیكەن، ئەگەرنا یاساكە بەكۆتا هاتووە.
"ئەوان هیچ دەستكەوتیان نابێ، بۆیە تەنیا قسەیەكی راگەیاندنە و زۆرجار بۆ بازاڕ گەرمكردن یان موزایەدەیە یان بە نیازی كەسی دەیكەن، خەڵكێك هەیە عەرەبە ئەو پرسە ناورووژێنێت، ئێستە كوردێك ئەوە بكات، لەوكاتەی دەبێت پارێزەری مافەكانی كورد بن، چونكە ناكرێ بەهۆی بەرژەوەندی و ناكۆكی كەسییەوە بەرژەوەندی میلەت بخەیتە مەترسییەوە، ئەوان ناتوانن هیچ بكەن، بەڵام دروستكردنی دڵەڕاوكێ لەناو خەڵكی هەرێم و لە راگەیاندنەكانەوە هەستێكی نابەرپرسیارانەیە". جەزا وای گوت.
لای خۆیەوە مەیادە محەمەد پەرلەمانتارێكی تری کورد بۆ "وشە" دەڵێت، ئەو پەرلەمانتارانە بە دەنگی كورد لە فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بوونە نوێنەری هەرێمی كوردستان لە بەغدا، كەچی ئێستە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە ببڕێت كە ماوەیەك پێش ئێستە ژمارەیەكیان سەردانی دادگای فیدراڵیان لە بەغدا كرد بۆ ئەوەی كێشە بۆ بودجەی هەرێم دروست بكەن و مووچەی فەرمانبەرانی رەوانە نەكرێت تا ئەوكاتەی نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا دەكرێت، واتە دەبێ هەرێم نەوت بداتە بەغدا، ئەگەرنا پێویستە حكوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران ببڕێت تا گوشارێك بخەنە سەر حكوومەتی عێراق بۆ گوشاركردن لەسەر هەرێم بۆ رادەستكردنی نەوتەكەی بۆ بەغدا.
محەمەد روونی كردەوە، هەوڵی ئەوان شكستی خوارد و پووچەڵ دەبێت، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێك دەدات پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا یەكلا بكاتەوە، دواتر بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانیش لەناو بودجەی 2019ی عێراق بە یاسا دیاری كراوە و دەنگی لەسەر دراوە و دەستكاریكردنی ئەو یاسایە ئاسان نییە، بۆیە هیچ كێشەیەك بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دروست نابێت.
هەوڵی ئەو نوێنەرانەی كورد لە بەغدا كە لەلایەك هاوڕایی لە عەرەبە توندڕۆكانی نەیار بۆ كوردە، لەلایەكی تر دەیانەوێ بە هاوشێوەی سەردەمی حەیدەر عەبادی كێشە بخەنە ناو بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، بۆیە ئەو رەوتە بووەتە كولتوورێكی قێزەون بۆ ئەوان و تەنیا مەبەستیان خۆدەرخستنی خۆیان و هێزە سیاسییەكانیانە ئەگەر لەسەر حسێبی بەرژەوەندی میلەتەكەشیان بێت.
* خەڵكێك هەیە عەرەبە ئەو پرسە ناورووژێنێت، ئێستە كورد ئەوە دەکات.