وانە گوتنەوەی دەرەكی لە مامۆستایان قەدەغە كرا

:: AM:11:58:25/06/2019 ‌
بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، وانە گوتنەوەی مامۆستایانی خوێندنی باڵا لە پەیمانگەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بەبێ‌ ڕەزامەندی ڕاگری كۆلێژ، قەدەغە دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی حوزەیران، نوووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ئاراستەی باخچە و قوتابخانە و ئامادەییەكان كراوە و تێیدا هاتووە، ئاماژە بە نووسراوی وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومیەكان نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داواكارین ڕێگە نەدرێت بەهیچ مامۆستایەكی حكوومی و ناحكوومی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵا وانە بڵێنەوە.

لە نووسراوەکە ئاشكرا كراوە، نابێت مامۆستایانی خوێندنی باڵا لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومیەكانی سەربە وەزارەتی پەروەردە وانە بڵێنەوە ئەگەر ڕەزامەندی زانكۆ یان ڕاگری پەیمانگەیان نەبوو.

ئەو نووسراوە لە كاتێكە  ساڵانی پێشوو مامۆستایان سەرپشك بوون لە وانە گوتنەوە لە شوێنە ناحكوومییەكان ئەگەر كاریگەری نەبێت لەسەر وانە گوتنەوەیان لە شوێنەكانی خۆیان.






وشە - رامیار جەواد