بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بكوژی دلین دەرچوو

:: PM:12:08:25/06/2019 ‌
لە یەكەمین دادگایی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بكوژی دلین وەلید دەرچوو و پارێزەری کەیسەکەیش دەڵێت، ئەگەر پێویست بكات خۆپیشاندان دەكەین تا بڕیارەكە جێبەجێ‌ بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی حوزەیران، سۆزیار كەیفی پارێزەری كەیسی دلین لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردۆتەوە، ئەمڕۆ لە دادگای دهۆك یەكەمین دانیشتنی دادگا بۆ كەیسی دلین وەلیدی تەمەن 10 ساڵان بەڕێوەچوو و دادگا بڕیاری دەركرد.

ئەو پارێزەرە ڕوونی كردۆتەوە، دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ بکوژی دلین دەركرد، هەروەها دایك و باوكی دلین بە گریانەوە دادگایان جێهێشت، بۆیە ئەگەر پێویست بكات خۆپیشاندانیش دەكەین تا بڕیارەکە جێبەجێ بكرێت.

پێشتر وەلید ئەحمەد، باوكی دلین بە چاوی گریانەوە بە "وشە"ی راگەیاندبوو، كچەكەم زۆر ئارام و خۆشەویست بوو و كەسێكی كۆمەڵایەتی و نەرمونیان بوو.

ئاماژەی بەوەیش دابوو، ماوەیەكە بكوژەكە دەناسم و پێكەوە چەند كارێكمان كردووە و چەندان جار هاوكاریم كردووە و پێوەندیمان باش بو و وەك دوو هاورێ بووین، بەڵام بەداخەوە هەرگیز بیرم لەوە نەكردبۆوە بەو شێوەیە خیانەت بكات و تاوانێكی ئەوەندە قیزەون بەرامبەر من و كچەكەم ئەنجام بدات.

باوكی دلین دووپاتی كردەوە، پێویستە بكوژەكە بە زووترین كات لەبەر چاوی خەڵك لە سێدارە بدرێت و هەرگیز لەو تاوانبارە و هاوكارانی خۆش نەبن.

لە ڕۆژی 5 حوزەیران كچێكی تەمەن 10 ساڵان بەناوی "دلین وەلید" ون بوو، دوای چەند رۆژێك تەرمەكەی لەناو یەكێك لە باغەكانی سەنتەری شاری دهۆك دۆزرایەوە، بەگوێرەی راپۆرتە پزیشكییەكان و گوتەی پۆلیسی دهۆك ئەم كچە لەلایەن تاوانبارێكەوە بەشێوەیەكی خراپ دەستدرێژی كراوەتە سەری و دواتر كوشتویەتی.




وشە - رامیار جەواد