هه‌رچه‌نده وڵاتانى كه‌نداو شه‌ڕى نێوان ئێران و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له كه‌نداو ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌ردارى هه‌وڵه‌كانى نابێت و جارێكى تر هه‌وڵ ده‌دات وڵاتانى كه‌نداو رازى بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌ك دژ به ئێران دروست بكه‌ن و بارودۆخى ته‌ناهى كه‌شتیوانى كه‌نداو مسۆگه‌ر بكه‌ن.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران ببێته‌وه له كه‌نداو و كار بۆ دابینكردنى سه‌لامه‌تى كه‌شتیوانى بکات له گه‌رووى هورمز و ده‌ریاى عومان، بۆ ئه‌مه‌یش پێویستى به وڵاتانى كه‌نداوه كه پێشتریش وه‌ك هاوپه‌یمانى نزیكى ئه‌مه‌ریكا ناسرابون.
ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له كاتێكدا دێ، بارودۆخى كهشیوانى له كه‌نداو به‌هۆى ئێرانه‌وه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه، چونكه له‌ماوه‌ى دوو مانگى رابردوو سێ رووداوى گه‌وره له كه‌نداو روویان داوه، یه‌كه‌میان ئه‌وه بوو هێرش كرایه سه‌ر چوار كه‌شتی له به‌نده‌رى فوجه‌یره‌ى ئیمارات، دووه‌میان له ده‌ریاى عومان هێرش كرایه سه‌ر دوو كه‌شتى تر، رووداوى سێیه‌میش رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو بوو، كاتێك ئێران رایگه‌یاند فڕۆكه‌یه‌كى سیخوڕ‌ى ئه‌مه‌ریكاى له ئاسمانى ئێران خستووه‌ته خواره‌وه، كه‌چى به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا دووپاتى ئه‌وه‌یان كرده‌وه، ئه‌م فڕۆكه‌یه له نزیك گه‌رووى هورمز بووه.
ئه‌م بارودۆخه‌یش وایكردووه نیگه‌رانى بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و عێراق و وڵاتانى كه‌نداو دروست بێ، چونكه ئه‌م جۆره رووداوانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت و نرخه‌كه‌ى هه‌یه. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕى
ئارتى رووسى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، به‌هۆى رووداوه‌كانى كه‌نداو نرخى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت به‌ڕێى ده‌ریادا هه‌ڵكشاوه.
ماڵپه‌ڕه رووسییه‌كه پشتى به‌و زانیارییانه به‌ستووه كه له لایه‌ن ئاژانسى بلۆمبێرگى ئه‌مه‌ریكا بڵاو كراوه‌ته‌وه، بلۆمبێرگ ده‌ڵێ به‌هۆى بارودۆخى كه‌نداوه‌وه خه‌رجى پاراستنى كه‌شتییه‌كى نه‌وت له كه‌نداو گه‌یشتووه‌ته 500 هه‌زار دۆلار، كه‌چى ئه‌م خه‌رجییه له‌ساڵى رابردوودا ته‌نیا 50 هه‌زار دۆلار بوو.
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى له‌نده‌نى له راپۆرتێكدا كه ئه‌مڕۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنى كه‌شتیوانى هه‌وڵ ده‌دات به هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ وڵاتانى كه‌نداو رێكاریى توندتر له دژى ئێران بگرێته‌به‌ر.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه حكوومه‌تى دۆناڵد تره‌مپ هه‌وڵ ده‌دات سزاكانى سه‌ر ئێران توندتر بكات و ئه‌مجاره‌یش سزاكان به شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى کۆماری ئیسلامی ئێران و محه‌مه‌دجه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانى گرته‌وه.
به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا له هه‌وڵى ئه‌مجاره‌یان له‌گه‌ڵ وڵاتانى كه‌نداو به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى دووپات له رێڕه‌وى كه‌شتیوانى كه‌نداو ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌مه‌یش شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تى مایك پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا دوێنێ گه‌یشته سعوودیه و دواتریش سه‌ردانى ئیماراتیان كرد.
له كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى مایك پۆمپیۆ تویتێكى كورتى بڵاوكرده‌وه و تێیدا دووپاتى ده‌كاته‌وه كه ئازادى كه‌شتیوانى سه‌ره‌كیترین ئامانجه. مایك پۆمپیۆ مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى نه‌شاردووه‌ته‌وه و له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن زاید ئال نههیانى جێنیشینى ئه‌بوزه‌بى ده‌ڵێ " ئێمه پێویستمان به هه‌مووان هه‌یه به‌شدار بن، سه‌رۆك مكوڕه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا نابێ به‌ته‌نیا باجه‌كه بدات".
رۆیته‌رز بڵاوى كردووه‌ته‌وه، پۆمپیۆ دووپاتى له‌وه كردووه‌ته‌وه ئیمارات و سعوودیه و 20 ده‌وڵه‌تى تر پێویستیان به هاوكاریى هه‌یه.
پێشتر ناوه‌ندێكى توێژینه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له راپۆرتێكدا ئاشكراى كردبوو، وڵاتانى كه‌نداو له دژى هه‌ر هه‌وڵێكى شه‌ڕن كه له‌لایه‌ن ئێران یان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه بدرێت. به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا باسیان كردووه، هه‌وڵى ئه‌مجاره‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه نییه به هاوپه‌یمانێتى وڵاتانى كه‌نداو شه‌ڕ له دژى ئێران رابگهیەنێ، به‌ڵكو ئامانجى سه‌ره‌كى پاراستنى كه‌شتیوانی كه‌نداوه.
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه له له‌نده‌ن به‌زمانى
عه‌ره‌بى بڵاوده‌كرێته‌وه له راپۆرته‌كه‌ى ئاماژه‌ى بۆ لێدوانى به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا كردووه كه ده‌ڵێ ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات هاوپه‌یمانێتییه‌ك دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ى رێى كه‌شتیوانى بپارێزێ و وه‌ك "چاوێك" بێت له سه‌ر جموجۆڵى كه‌شتیوانى له كه‌نداو.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ماوه‌ى چه‌ندان ساڵه كه‌شتیوانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى ده‌پارێزێ، ئه‌مه‌یش له میانه‌ى به‌كارهێنانى گه‌له‌كه‌شتى پێنجى ئه‌مه‌ریكى، كه به‌حرێنیان كردووه‌ته بنكه‌ى خۆیان. به‌ڵام ئێسته ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ وڵاتانى كه‌نداویش له پرۆسه‌كه به‌شدار بن.