بەرپرسێكی باڵای یەكێتی دەستی لەكار كێشایەوە

:: PM:03:38:25/06/2019 ‌
ڕاوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكێك لە كاندیدەکانی ئەو حزبە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادی عێراق دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی حوزەیران، میدیاكانی سلێمانی بڵاویان كردۆتەوە، سمكۆ ئەسعەد ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێـی نیشتمانی كوردستان و كاندیدی ئەو حزبە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادی عێراق، دەست لەكار كێشانەوەی پێشكەشی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كردووە.

ئاشكرا كراوە، ئەو كاندیدەی وازی لە یەكێتی نیشتمانی هێناوە راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی و یەكێك بوو لە كاندیدەکانی ئەو حزبە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە چەندین بەرپرسی یەكێتی كرد ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێكی لەبارەوە بدەن.

ڕۆژی دووشەم 24ی حوزەیران، پەرلەمانی  عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بۆ دەنگدان لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەت كۆبووەوە، سێ‌ وەزیری نوێ‌ متمانەیان پێدرا.

فاروق ئەمین شوانی لەسەر پشكی كورد متمانەی ئەندامانی پەرلەمانی بەدەست هێنا و بوو بە وەزیری داد، هاوكات یاسین یاسری كرا بە وەزیری ناوخۆ و عەلی شەمەری وەزیری بەرگری، بەڵام سفانە حەمدانی كاندید بۆ وەزارەتی پەروەردە شكستی هێنا و نەیتوانی متمانەی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.  

پێشتر یەكێتی ناوی چەندین بەرپرسی ئاشكرا كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد، بەڵام لەلایەن پارتی ڕەتدەكرایەوە، دواجار لەسەر ناوی فاروق ئەمین شوانی ڕێكەوتن و دوێنێ‌ متمانەی پێدرا.




وشە - رامیار جەواد