پۆلیسی سلێمانی هۆشداری لە جۆرە دەرمانێك دەدات

:: PM:07:49:10/01/2017 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدات كە هەندێك دەرمان و شرووب لە دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستاندا دەفرۆشرێن و یارمەتی دەرن بۆ ئەنجامدانی چەندان تاوان.

سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە"وشە"ی ڕاگەیاند كە بەپێی بەدواداچوونەكانیان دەركەوتووە هەندێك دەرمان و شرووب كاتێك بەڕێژەیەكی زۆر لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێت، لەلایەن چەندان كەسەوە بۆ تاوانی جۆراو جۆر بەكاردەهێنرێت.

زیاتر گوتی، باندێكی دزیكردن لە سلێمانی گیراون كە لەكاتی دزییەكانیاندا جۆرێك لەو شرووب و دەرمانانەی بۆ هێوركردنەوە بەكاردێن، بۆ كەسانی بەتەمەنی ماڵان یا ئەو كاتانەی ژنان بەتەنیان لە ماڵەوە بەكارهێناوە و دواتر تاوانی دزییكردنەكەیان ئەنجام داوە.

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، ئەو دەرمان و شرووبانە لەگەڵ جۆرێك ماددەی تر تێكەڵ دەكرێن و بەكاردەهێنرێن و دەتوانرێت كەسەكەی بەرامبەری پێ‌ بێ‌ هۆش بكرێت.

 سەركەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ فرۆشتنی ئەو دەرمانانە یا تەنیا بەنووسراوی پزیشك بفرۆشرێت لە دەرمانخانەكاندا.

لەبارەی گرتنی ئەو باندەی ئەو جۆرە دەرمانانەیان لەكاتی تاوانەكانیاندا بەكارهێناوە، گوتەبێژەكە پۆلیس رای گەیاند، ئەو باندە لە پیاو و ژن پێك هاتوون و خەڵكی هەرێمی كوردستانن و ژمارەیەكی زۆر لەتاوانی دزیكردنیان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستە دانیان بە هەشت تاواندا ناوە.

هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، كە پێداچوونەوە بە نرخ و جۆر و كۆنترۆڵكردنەوەی دەرماندا دەكەن، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە فرۆشتنی دەرمانی جۆراوجۆر لە زۆرێك لە دەرمانخانەكاندا كۆنتڕۆڵ بكرێت. 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم