وەرگرتنی مووچەی شەهیدان لە بەغدا گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیران

:: AM:10:38:26/06/2019 ‌
وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان نووسراوی كۆتایی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كراوە تا مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی حوزەیران، مەحموود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەرجەم ڕێكارەكانی پێویست بوو بۆ دەزگەی شەهیدانی عێراق كردووومانە تا مووچەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر عێراق.

وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان گوتی، چەند كێشەیەك هەبوو لە ئیمتیازاتی شەهیدانی هەرێمی كوردستان كە كەمتر بوو لە عێراق، بۆیە نووسراومان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبوونەوەمان كرد تا بگەین بە ئەنجامێك.

ئاشكرای كرد، ئێستە نووسراوی كۆتایی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێردراوە و چاوەڕوانی ئەوانین تا بڕیاری كۆتایی بدەن و سەرجەم ڕێكارە یاساییەكانی تەواو بووە، هەروەها بۆ خەرجكردنی پارەی قوتابیانی شەهیدان لە زانكۆ ناحكوومییەكان بۆ ئەمساڵیش پارە خەرج دەكرێت.

ماوەی چوار مانگە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لە گفتوگۆدان و پرسی ناردنی مووچەی شەهیدانی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن بەغداوە گفتوگۆی لەسەر كراوە.



وشە - رامیار جەواد