بەڕیتانیا راهێنەری سەربازی دەنێرێتە توونس

:: AM:11:39:16/10/2016 ‌

وەزیری بەرگریی بەڕیتانیا، مایكڵ فالۆن رای گەیاند، وڵاتەكەی 40 راهێنەری سەربازی دەنێرێتە توونس، بە مەبەستی ئەنجامدانی راهێنان بە هێزەكانی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی داعش، كە ئەگەری ئەوە هەیە لە لیبیاوە هێرش بكەنە سەری.

ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری فالۆنەوە گواستوویەتییەوە، هاوكاریی هاوپەیمانانمان لە توونس دەكەین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە، ئەو هاوكارییەشمان دەبێتە هۆی ئەوەی هێزەكانی توونس بتوانن سنوورەكانیان لە داعش بپارێزن.

جێی ئاماژەیە، توونس یەكێكە لە وڵاتانی باكوری ئەفریقا، تێیدا هەوڵی بەدیهێنانی كولتووری دیموكراسی و پێكەوەژیان دەدرێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ژمارەی كەسانی توندڕۆ زۆرە، بە تایبەت ئەو كەسانەی هاوسۆزییان بۆ داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی تر هەیە، كە ئەمەش بووەتە هۆی دروستكردنی مەترسی لەسەر وڵاتەكە، بە تایبەت بە هۆی هاوسنووریی وڵاتەكە لەگەڵ لیبیا كە ژمارەیەك گرووپی تیرۆریست و توندڕۆی تێدا باڵادەستن كە نەتوانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێن، بۆ نموونە لە 26ی یۆنیۆ/حوزەیرانی 2015 گەنجێك بەناوی سەیفەدین ئەلڕەزقی (تەمەن 23 ساڵ) كە خۆی خەڵكی توونس بوو و دواتر ئاشكرا بوو ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بووە، بە هۆی دەستڕێژیی گولـلەوە 38 گەشتیاری كوشت كە لە نێوانیاندا 30 هاووڵاتیی بەڕیتانیا هەبوون.

وشە/ سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی