هۆكاری سەرەكی ئامادەنەبوونی یاریزانانی بەرشەلۆنە لە ئاهەنگی فیفا ئاشكرا بوو

:: AM:09:35:11/01/2017 ‌

رۆژنامەیەكی مەدریدی هۆكاری سەرەكی ئامادەنەبوونی یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی باشترینی 2016ی فیفا ئاشكرا كرد كە پێرێ دووشەم لە شاری زیوریخی سویسڕا بەڕێوە چوو.

پێرێ شەو یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتیی (فیفا) بۆ یەكەمجار و بە تەنیا خەڵاتی باشترینەكانی 2016ی جیهانی دابەش كرد كە تێیدا كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە باشترین یاریزان هاتە دەستنیشانكردن.

یانەی بەرشەلۆنە بەر لە دەستپێكردنی ئاهەنەگەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردبوو كە بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە مەشق و راهێنان و ئامادەكارییەكانیان بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ چوارشەم لە یاریی گەڕانەوەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو، رێگەیان نەداوە هیچ یاریزانێكیان بەشداری ئاهەنگەكە بكات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی پەردەی لەسەر هۆكاری سەرەكی ئامادەنەبوونی یاریزانانی یانەكە هەڵدایەوە و جەختیشی كردەوە كە هۆكارەكە پەیوەندی بە یارییەكەی ئەتلەتیك بیلباوەوە نەبووە.

رۆژنامەكە بڵاوی كردەوە: یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە خۆیان بڕیاریانداوە بەشداریی ئاهەنگەكە نەكەن وەك هەڵوێستێك بەرامبەر بەرپرسانی یانەكەیان، بەتایبەتیش بەهۆی ئامادەنەبوونی هیچ بەرپرسێكی یانەكە لە یارییەكەی رابردوویان بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا كە لەنێو یاریگەی سان مامیس بەڕێوە چوو و تێیدا یانەكەی یەكەم بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ دۆرا.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە بەشی زۆری بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە لەسەرووی هەمووشیانەوە گیرارد پیكێی بەرگریكار رەخنەی توندیان لە بەرپرسانی یانەكەیان گرتووە بەهۆی ئەوەی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە بەرامبەر ئەو زوڵمانەی ناوبژیوانان لە هەردوو یاریی بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو و ڤیاڕیال بەرامبەریان ئەنجامیانداوە.

یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریانداوە بەشداریی ئاهەنگەكەی فیفا لە شاری زیوریخ نەكەن وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر بەرپرسانی یانەكەیان.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئەمڕۆ چوارشەم لەنێو یاریگەی كامپ نوو یاریی گەڕانەوەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو ئەنجام دەداتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م