بڕیاره هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ ببنه‌وه و پرسه‌كانی كوردستان و داهاتووی پێوه‌ندییه‌كانیان باس بكه‌ن.
سه‌عات 11ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م، له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له هاوینه‌هه‌واری پیرمام، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان، پێشوازی له شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌ن و تاوتوێی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
كۆبوونه‌وه‌كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دێت بۆ چاره‌سه‌ری ته‌نگژه ناوخۆیییه‌كان كه له 20 تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2016 ئاراسته‌ی ڕای گشتیی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبه‌كان بكه‌ونه گفتوگۆ و په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه و سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ هه‌ڵبژێرن، دواتر پێویسته حزبه‌كان رێك بكه‌ون حكوومه‌تێكی نوێ پێك بهێنن و به‌ڕێزێكیش بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان تا كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكه‌ن و منیش به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه یارمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ده‌م.
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یامه، حزبه سیاسییه‌كانی كوردستان پێشوازییان له ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه كرد و به هه‌نگاوێكی باشیان زانی بۆ ده‌ستكردنه‌وه به دانوستاندن و كۆتاهێنان به ته‌نگژه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا.
له لێدوانێكی پێشتردا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به"وشه"ی راگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه بۆ چاره‌سه‌ری بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان ئێسته له ئارادایه و هه‌نگاونانه بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كه.
له‌باره‌ی ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكانی نێوان حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ئاشكرای كرد كه ئه‌مڕۆ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌درێت چۆن و كه‌ی گفتوگۆكان ده‌ست پێ بكرێته‌وه و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ورده‌كاری ده‌خه‌ینه ڕوو.
له به‌شێكی تری لێدوانه‌كه‌یدا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره رای گه‌یاند، بڕیاره هه‌ریه‌ك له مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی و حاكم قادر و عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری و رزگار عه‌لی و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، ئه‌ندامانی وه‌فدی یه‌كێتی بن و هه‌ریه‌ك له نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و عزه‌دین به‌رواری و ئازاد به‌رواری و مه‌حموود محه‌مه‌د و هۆشیار زێباری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌ندامی وه‌فدی پارتی بن.