هێشتا بە وردی دیار نییە لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠١٧ی عێراق حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بە چ شێوەیەك رێك كەوتوون، پەرلەمانتارێكی كوردیش پێی وایە پڕۆژەكەی ئەمساڵی بودجەش پڕۆژەیەكی تەقلیدی دەبێت هاوشێوەی ساڵی رابردوو و بە ئەستەمیشی دەزانێت كوردستان گوێڕایەڵی بەغدا بێت دوای ئەو هەنگاوانەی بۆ دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت هاویشتی.
مانگی رابردوو حەیدەر عەبادی ئاشكرای كرد كە پڕۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠١٧ی عێراق ئامادە كراوە و ماوەتەوە پەسند بكرێت و بەم زووانە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام هێشتا بودجەكە پەسند نەكراوە.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، دواكەوتنی رەوانەكردنی پڕۆژەكە بۆ پەرلەمان ئەو راستییە دەردەخات كە قسەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەنیا موزایەدەی میدیایی بووە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەڵێت تا ئێستە ئاگاداری ناوەڕۆكی پڕۆژەكە نین و تا ئێستە چەندان جاریش گۆڕانكاری تێدا كراوە، جارێكیان بەرمیلی نەوت بە ٣٨ دانراوە، دواتر بەرز كراوە و دیسان دابەزێنرا و دواجار دیار نییە نرخی نەوت بە چەند دۆلار دەخەمڵێنن.
حاجی رەشید هەروەها پێشبینی دەكات پڕۆژەكەی عێراق پڕۆژەیەكی تەقلیدی بێت و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بخرێتە روو و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی تێدا نەكرێت.
لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق، پەرلەمانتارەكە پێشبینی دەكات هەمان چوارچێوەی ساڵانی رابردوو بێت و حكوومەتی عێراقە خوازیارە داهاتی ناوخۆی كوردستان و داهاتی نەوتی رادەست بكرێت و ئەوكات بە گوێرەی رێككەوتنەكە، ١٧%ی بودجەی هەرێمی كوردستان دابین بكات.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق، پێشتر ئەو رێككەوتنەیان تاقی كردووەتەوە و دواجار شكست و هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكەی بەدواوە بووە. ئەحمەد حاجی رەشید ئەوەی خستە ڕوو راستە باس لەوە دەكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە داواكارییەكانی بەغدا رازی بووە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە بە ئەستەمی دەزانێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بەغدا و گوێڕایەڵی داواكاراییەكانی بەغدا ببێت.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق داواكارییەكانی یەكتر بە ئاسانی قبووڵ نەكەن، ئەوەیە جۆری گرێبەست و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان جیاوازە لە هی عێراق و بەردەوام ئەگەر رێككەوتنیش بكەن، ئەوا كێشەیان لەگەڵ یەكتردا دەبێت.
لە ماوەی رابردوودا ئەمەریكا رۆڵی هەبووە لە نزیكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و یەكێك لەو بڕگانەش كە پێ دەچێت ئەمساڵ لە پڕۆژەكەی حكوومەتی عێراق زیاد كرابێت، پشكی پێشمەرگە بێت لە بودجەی عێراق.
ماوەی رابردوو شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدای كرد و باس لەوەش كرا كە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكانیان رێك كەوتوون.
ئەوەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی لە یەكتر نزیك كردووەتەوە، بریتییە لە جەنگی مووسڵ كە هاوپەیمانان سەرپەرشتی دەكەن و بە تەواوی دیار نییە دوای جەنگەكە پێوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەرەو چ ئاراستەیەك دەڕوات.
ساڵی رابردوو دوای پەسندكردنی پڕۆژەكە، سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠١٦، هەروەك خۆی ماوەتەوە و ١٧% دەستنیشان كراوە بەو مەرجەی هەرێمی كوردستان رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات كە ٣٠٠ هەزار بەرمیلی هی نەوتی كەركووكە.
دوور نییە ئەمساڵیش هەمان سیناریۆ دووبارە بكرێتەوە و هەروەك لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە دەركەوت نە هەولێر گوێی لە بەغدا گرت و نە بەغداش ١٧%ی بودجەی هەرێمی كوردستانی رەوانە كرد.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٦ بە ١٠٦ تریلیۆن دینار خەمڵێنرا. بەپێی پڕۆژەیاساكە، داهاتی عێراق بە نزیكەی ٨٤ تریلیۆن دینار و كورتهێنانیش بە نزیكەی ٢٣ تریلۆن دینار خەمڵێنرابوو. بودجەی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەریی بۆ سەر بەرزبوونەوەی داهات هەیە.
لە ٢٠١٤ەوە حكوومەتی عێراق بە فەرمانی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە یەكجاری بڕی و تەنیا مووچەی مانگی یەكەمی ساڵەكە و نیو مووچەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نێردرا.
ئەوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵی بە فرۆشتنی نەوت گەرم بوو و پێی وابوو دەتوانێت بەسەر تەنگژە دارایییەكەدا زاڵ بێت، بەڵام نرخی نەوتیش لە مانگی حوزەیرانەوە رووی لە دابەزین كرد و دواتر داعش و شەپۆلی ئاوارەكانیشی هاتە سەر، بۆیە رۆژ بەڕۆژ تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان قووڵتر بووەوە و تا ئێستە فەرمانبەرانی كوردستان بەدەستی كەمیی مووچە دەناڵێنن و زۆرینەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش وەستێنران.
فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە پارەی چوار مانگی ساڵی ٢٠١٥ و نیوە مووچەی سەرجەم مانگەكانی ئەمساڵیان لای حكوومەت پاشكەوت كراوە، شەوانە خەون بەو سەردەمە دەبینن كە مانگانە پارەیەكی رێكوپێكیان دەخستە گیرفانی و شەرمەزاری ماڵ و منداڵیان نەبوون. هێشتا دیار نییە خەونەكەیان بەدی دێت، یان رۆژگار نیوە مووچەكەشیان ناهێڵێت.