بزانە مۆندیالی 2026 چۆن بەڕێوە دەچێت؟
دوێنێ سێشەم یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) بەفەرمی بڕیاری دا لە مۆندیالی 2026 ژمارەی هەڵبژاردەكان لە 32 بۆ 48 هەڵبژاردە زیاد بكات، بەمەش یارییەكان و ماوەی پاڵەوانیەتییەكە زیاد دەبێت.
یەكەتییەكە لە بەیاننامەیەكدا بەفەرمی شێوازی یارییەكانی مۆندیالی 2026ی خستەڕوو كە بەمشێوەی خوارەوە دەبێت:-
یارییەكانی مۆندیالی 2026 بە 16 گرووپ بەڕێوە دەچێت و هەر گرووپێك 3 هەڵبژاردە لەخۆ دەگرێت، یەكەم و دووەمی هەر كۆمەڵەیەكیش بەفەرمی سەردەكەون بۆ قۆناغی 32ی مۆندیال.
یاریی یەكلاكەرەوە واتە دۆڕا دەرچوون هەر لە قۆناغی 32وە دەست پێ دەكات كە پێشتر ئەمە لە قۆناغی 16 دەستی پێ دەكرد، واتە لە قۆناغی 32 هەردوو هەڵبژاردەیەك رووبەڕووی یەك دەبنەوە و براوە دەگاتە قۆناغی 16 و دۆڕاویش دەردەكرێ.
لە قۆناغی كۆمەڵەكانیش واتە لە قۆناغی 48 نابێت هیچ یارییەك بە یەكسانبون كۆتایی پێ بێت، ئەگەریش یارییەك بە یەكسانبوون كۆتایی هات پەنا دەبرێتە بەر لێدانی سزای یەكلاكەرەوە.
یەكەتییەكە جەختیشی كردەوە كە تەواوی پاڵەوانیەتییەكە 32 رۆژ دەخایەنێ و براوەی جامەكە دەبێت لە 7 یاریدا سەركەوتن بەدەست بێنێ بەهەمانشێوەی ئێستا.
جێی باسە فیفا تا ئێستا هیچ زانیارییەكی لەسەر شێوازی ئەنجامدانی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و زیادكردنی ژمارەی هەڵبژاردەكان لە پارزەوینەكان دیاری نەكردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێ ژمارەی هەڵبژاردەكانی پارزەوینی ئەفریقیا لە 5وە بۆ 9 هەڵبژاردە زیاد بكرێت و هەروەها ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكانی پارزەوینی ئاسیا و ئەمەریكاش زیاد بكرێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم