مووسڵ.. فڕۆكەی هاوپەیمانان پردێك دەتەقێننەوە

:: AM:11:57:16/10/2016 ‌

بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەی هاوپەیمانانەوە، پردێكی سەر بە پارێزگای نەینەوا تەقێنرایەوە كە ڕێگە لە بەردەم هاتوچۆی داعش دەگرێ.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم، فڕۆكەی هێزە هاوپەیمانەكان بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا كە بەشێكن لەو كردەوەگەلەی بۆ ڕزگاركردنی شاری مووسڵ لە دەست داعش پێك هێنراوە، پردی "حۆرییە"یان تەقاندەوە كە لەسەر ڕووباری دیجلەیە، ئەو پردە ڕێگەی هاتوچۆی چەكدارانی داعش بووە بۆ باشووری شارەكە.

بەپێی ڕاپۆرتی هێزە هاوپەیمانەكان، ئامانج لە تەقاندنەوەی ئەو پردە، ڕێگریكردنە لە دەرچوونی داعش لە ناو شاری مووسڵ، دوای ئەوەی كردەوەگەلەكە ڕاستەوخۆ بۆ نێو شارەكە دەست پێ دەكات.

پردی "حۆرییە" 107 كم لە باشووری شاری مووسڵەوە دوورە، چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە خۆیان حەشار دابوو، بەڵام لە ڕێگەی ڕاداری فڕۆكەی هاوپەیمانانەوە دۆزرانەوە و تەقێنرایەوە، لەلایەن داعش خۆشیانەوە لە ڕێگەی تویتەرەوە ئەو هەواڵەیان بڵاو كردەوە.

لە رۆژانی ڕابردوو بە دەیان هەزار سەربازی سوپای عێراق چوونە ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ و ئامادەكارییەكان بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ بەرەو كۆتا دەچێت، بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی دنیایش، زیاتر لە 60 هەزار سەرباز بەشداریی شەڕی مووسڵ دەكەن.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق و یەكێكە لە شارە مێژوویییەكانی دنیا، لە 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی سوپا و پۆلیسی شارەكە، بەتەواوی كەوتە ژێر دەستی تیرۆریستان و بنكەی سەرەكی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە لە عێراقدا، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكورەوە توانیویەتی پێشڕەوی بەرچاو بكاتە سەر تیرۆریستان لە مووسڵ و ناوچەیەكی یەكجار فرەوانیان لێ پاك بكاتەوە.




وشە - كوردۆ شابان