چینییەكان پارەیەكی خەیالی بە رۆدریگیز دەدەن
یانەی هیپی فۆرشنی چینی كە مانوێل پێلیگریزی چیلی راهێنەرایەتیی دەكات، بڕیاریداوە بەهەر شێوە و نرخێك بێت لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا خامیس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆڵۆمبی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بباتە ریزی یانەكەیەوە.
رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی هیپی فۆرشن بەڵێنی بە رۆدریگیز داوە لەبەرامبەر یاریكردن لە ریزی یانەكەی ساڵانە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆی خاوێنی پێ بدات، ئەمە لە كاتێكدا ئەو یاریزانە ئێستا لە یانەی ریال مەدرید 3.5 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
بەرپرسانی یانەكە مانگی رابردوو لە شاری دوبەی ئیماڕات لە كاتی دابەشكردنی خەڵاتەكانی گلۆپ سۆكەر، چاوییان بە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید كەوتبوو و گفتوگۆیان لەبارەی خامیسەوە كردبوو، یانەكە ئامادەیی پێشاندابوو بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ بە یانەی شاهانە بدات لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لەو یاریزانە، ئەمەش هەمان ئەو نرخەیە كە یانەی شاهانە لە هاوینی 2014 دابووی بە یانەی مۆناكۆی فڕەنسی بۆ كڕینی رۆدریگیز.
رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە هەر ئەو كات سەرۆكی یانەی ریال مەدرید داواكەیانی رەت كردبووەوە، بۆیە بەرپرسانی یانەی هیپی فۆرشنی چینی دووبارە هاتوونەتەوە سەرخەت و ئەمجارە داواكەیان بۆ 110 ملیۆن یۆرۆ بەرز كردووەتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كە یانەی شاهانە رازی بووە لەسەر ئەم بڕە پارەیە، بەڵام خامیس خۆی رەتی كردووەتەوە روو لە خولی چین بكات و لەوێ درێژە بە كاروانی وەرزشی بدات.
جێی باسە تا ئێستا چەندان گەورە یانەی تری ئەوروپا ئامادەیی خۆیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ خامیس دەربڕیوە لەسەرووی هەمووشیانەوە یانەكانی مانچستەر یونایتد و چێڵسی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، سەرچاوە رۆژنامەوانیشەكانی ئاشكرایان كردووە كە یاریزانەكە ئارەزوو دەكات وێستگەی داهاتووی یانەی شەیتانە سوورەكان لە خولی نایابی ئینگلیزی بێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم