یه‌كێتی پرۆژه‌ی نوێ پێشكه‌ش ده‌كات و پرۆژه‌ كۆنه‌كه‌ په‌راوێز ده‌خات

:: AM:11:34:11/01/2017 ‌

كۆبوونەوەی نێوان وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپیرمام دەستی پێ كرد و گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئاشكرای كرد، كه‌ یه‌كێتی پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی هه‌رێمی كوردستان پێیه‌ و ده‌یخاته‌ به‌رده‌م پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش ئه‌و پرۆژه‌ی یه‌كێتی جیایه‌ له‌و پرۆژه‌یه‌ی پێشتر یه‌كێتی خستوویه‌تییه‌ڕوو.

كۆبوونەوەكە لە چوارچێوەی ئەو دەسپێشخەرییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێت بۆ چارەسەری تەنگژە ناوخۆیییەكان كە لە 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016 ئاراستەی ڕای گشتیی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێك بهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و منیش بەهەموو توانایەكەوە یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدەم.

بەپێی ئەو زانیاریەی دەست "وشە" كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەمڕۆ پڕۆژەیەكی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی دۆخی هەرێمی كوردستان پێیە و دەیخاتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام پڕۆژەكەی هەمان ئەو پڕۆژەیە نییە كە پێشتر لەمیدیاكانی خۆیان و لەكۆبوونەوەكاندا بڵاویانكردەوە .

لەتیف نێروەیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زانیارییەكانی "وشە"ی سەلماند و ڕایگەیاند، بەڵێ‌، یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لەگەڵ پارتی پڕۆژەیەكی تایبەتی بۆ چارەسەری دۆخی هەرێم پێیە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ئاشكرای كرد، مەكتەبی سیاسی نایانەوێت ناوەڕۆكی پڕۆژەكە بەتەواوی ئاشكرا بكرێت، بەڵام پڕۆژەكە گۆڕانكاری تێدا كراوە بەبەراورد بەوەی پێشتر بڵاوكراوەتەوە .

لەبارەی گۆڕانكارییەكانی نێو پڕۆژەكە نێروەیی ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر رابگەیەنێت و گوتی، گۆڕانكارییەكان تەنیا بۆ ئەوە كراوە كە لەگەڵ دۆخی ئێستە بگونجێت.

كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەپیرمام بەرێوە دەچێت و پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، دوابەدوای كۆبوونەوەكە ناوەڕۆكی گفتوگۆكان بڵاو دەكەنەوە.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەر لەوكۆبوونەوەیەدا بڕیار لەبارەی دەسپێكردنەوەی دانوستانەكان دەدەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم