یه‌كه‌م خانمه‌ په‌یامنێری جه‌نگی جیهانیی دووه‌م مرد

دوێنێ سێشه‌م رێكه‌وتی 10ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر، رۆژنامه‌نووسی به‌ریتانی كلێر هۆڵینجۆرت كۆچی دوایی كرد كه‌ له‌ ساڵی 1939 وه‌ك په‌یامنێرێك له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م كاری كردووه‌ و به‌ یه‌كه‌م په‌یامنێر داده‌نرێت كه‌ ئه‌و كاره‌ی كردبێت.

به‌گوێره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه‌ رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، هۆڵینجۆرت، له‌ مانگی ئاب/ ئۆگستسی 1939، ئه‌وكات ته‌مه‌نی 27 ساڵ بووه‌، سه‌ردانی سنووره‌كانی ئه‌ڵمانیای كردووه‌ و یه‌كه‌م كاروانی تانكه‌كانی ئه‌ڵمانیای بینیوه‌ كه‌ به‌ره‌و داگیركردنی پۆڵه‌ندا به‌ڕێ كه‌وتبوون.

ئه‌و په‌یامنێره‌، سێ رۆژ دوای گه‌شته‌كه‌ی بۆ سنووری ئه‌ڵمانیا، له‌ رۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گڕاف، له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی نووسی و به‌ هۆی ئه‌و نووسینه‌یشی، به‌ یه‌كه‌م په‌یامنێر هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ له‌ باره‌ی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م نووسیبێتی.

كلێر هۆڵینجۆرت، له‌ ساڵی 1911 له‌ شاری لیسته‌ری به‌ریتانیا له‌دایك بووه‌، له‌ ماوه‌ی ژیانیدا وه‌ك په‌یامنێری جه‌نگ سه‌ردانی به‌ره‌كانی جه‌نگی ڤێتنام، جه‌زائیر و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كردووه‌، دوێنێ له‌ ته‌مه‌نی 105 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

سه‌رچاوه‌: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی


AM:11:38:11/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 411 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌