پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" له ساڵی 1978 وه‌ك پارتێكی سیاسی له باكوری كوردستان دامه‌زرا و له ساڵی 1984 وه‌ك رێكخراوێكی چه‌كدار دژی حكوومه‌تی توركیا ده‌ستی به چالاكی كردووه. دوای ئه‌وه‌ی قه‌ندیل ده‌كه‌نه به‌شێكی سه‌ره‌كی بنكه و باره‌گاكانیان، ده‌بنه هۆی كێشه بۆ باشووری كوردستان و له‌و كاته‌وه ده‌یان جار بیانوویان داوه‌ته توركیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكركێشی بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، په‌كه‌كه وه‌ك حزبێكی تاكڕه‌و ئێسته به‌سه‌ر سێ باڵدا دابه‌ش بووه و سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی زۆری له به‌رده‌سته.
سه‌عید مه‌موزینی نووسه‌ر و چالاكی سیاسی پێی وایه، له دوای گرتنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له 1999دا، په‌كه‌كه كێشه‌ی له نێوان سه‌ركرده‌كانیدا هه‌یه، له‌وانه كێشه‌ی نێوان فه‌رهاد ئۆجه‌لان و بابه‌كر و بۆتان له‌گه‌ڵ باڵی جه‌میل بایك، دواتر ماهیر ناوێك كه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی په‌كه‌كه بوو، تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی كه سیخوڕی كردووه و ده‌ستی هه‌بووه له گرتنی ئۆجه‌لان، بۆیه سزای له سێداره‌یان بۆ ده‌ركرد، به‌ڵام ماهیر هه‌ڵات بۆ رووسیا و ئێسته‌ش له‌وێ ماوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌و جیاوازییه تا ئێسته به‌رده‌وامه و هه‌ریه‌كه و خۆی ده‌یه‌وێ سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه بكات.
مه‌موزینی ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه، كێشه‌ی سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه له‌سه‌ر كه‌سی یه‌كه‌مه، هه‌ركه‌سه و ده‌یه‌وێ خۆی سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می حزبه‌كه بێت.
سه‌ركرده دیاره‌كانی په‌كه‌كه
سه‌ركرده دیاره‌كانی په‌كه‌كه پێكهاتوون له جه‌میل بایك- هاوسه‌رۆك، موراد قه‌ره‌یڵان ئه‌ندامی كۆنسه‌ی كۆما جڤاكێن كه‌جه‌كه، ده‌وران كاڵكان و باهۆز و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تر كه به‌رده‌وام ده‌بینرێن و لێدوان ده‌ده‌ن.
له سه‌رده‌می هاوسه‌رۆكی موراد قه‌ره‌یڵاندا، پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری و ئاشتی له توركیا ده‌ستی پێ كرد و به بۆچوونی زۆریش له چاودێران، سه‌رده‌می قه‌ره‌یڵان سه‌رده‌مێكی جیاوازتر بوو له سه‌رده‌می بایك، به بڕوای مه‌موزینی له سه‌رده‌می قه‌ره‌یڵاندا په‌كه‌كه نه‌رمییه‌كی باشتری پێوه دیار بووه، پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له توركیا هه‌نگاوی باشی نا، به‌ڵام دواتر هه‌موو هه‌وڵه‌كان له بار بران.
زیاتر گوتی، "ئێسته كه ئۆجه‌لان نامه‌كان له گرتووخانه‌وه ده‌نێرێت، پێی باشه جه‌میل بایك سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه بكات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له كۆنگره‌یه‌كی ده‌ستكردی په‌كه‌كه‌دا جه‌میل بایك كرایه هاوسه‌رۆكی په‌كه‌كه و ده‌سه‌ڵات له قه‌ره‌یڵان وه‌رگیرایه‌وه".
كێشه‌ی نێوان هه‌ده‌په و په‌كه‌كه
دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له گه‌وره شاری ئیستانبوڵ، ئه‌و جیاوازییه‌ی له نێوان په‌كه‌كه و هه‌ده‌په ده‌رخست كاتێك ئۆجه‌لان له گرتووخانه‌وه په‌یامی بۆ كورده‌كان نارد و داوای لێ كردن بێلایه‌ن بن، به‌ڵام هه‌ده‌په رایان گه‌یاند كه ده‌نگ به ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵو ده‌ده‌ن.
سه‌عید مه‌موزینی روونی كرده‌وه، ئێسته له نێوان هه‌ده‌په و په‌كه‌كه كێشه هه‌یه كه ئه‌و به په‌كه‌كه‌ی شار و په‌كه‌كه‌ی شاخ وه‌سفی كردن، له‌و رووه‌وه گوتی: "په‌كه‌كه‌ی شار گوێی به په‌یامی سه‌ركرده‌ی زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ی شاخ نه‌دا له پرسی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئیستانبوڵ و به ئاشكرا پشتگوێ‌یان خست".
باڵه‌كانی ناو په‌كه‌كه
عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی 23ی حوزه‌یرانی 2019 ده‌ركه‌وت كه سێ جۆره مه‌ركه‌زی ده‌سه‌ڵات له‌ناو په‌كه‌كه‌دا هه‌یه، ده‌ركه‌وت ئۆجه‌لان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌دا نه‌ماوه، وه‌ك قه‌ندیل خوێندنه‌وه‌ی دروستی نییه بۆ داخوازی گه‌لی كورد، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان ده‌یانویست به هه‌ر جۆرێك له جۆره‌كان ئه‌ردۆغان ده‌ربچێننه‌وه، به‌ڵام گه‌لی كورد به گوێی ئه‌وانی نه‌كرد و ده‌نگیان به ئیمام ئۆغڵو دا بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی ئه‌و بێ به‌ڵێنییانه‌ی پێشتر له ئه‌ردۆغان بكه‌نه‌وه كه كاتی خۆی پێی دان و نه‌یبرده سه‌ر.
عه‌ونی گوتی، "په‌كه‌كه خۆی له سێ باڵ ده‌بینێته‌وه، باڵێكیان سه‌ر به ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری ده‌وڵه‌تی توركیایه كه به ئاشكرا له پشتی په‌رده‌وه هاوكاریان ده‌كات و به‌شێكیان به‌ڕێوه ده‌بات، به‌شێكیان قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زانی ئێرانی به‌ڕێوه‌یان ده‌بات به‌شه عه‌له‌وییه‌كه‌ی، به‌شه‌كه‌ی تریشی كه‌سانی ساویلكه و نه‌زانن بوونه‌ته پێخۆری ئه‌م دوو گرووپه بازرگانییه سیاسییه، به‌شێك له كه‌سانی قه‌ومی هه‌ژاریشی تێدایه كه ئه‌وانه قسه‌یان ناڕوات، ئه‌گه‌ر باسی كوردایه‌تیش بكه‌ن وه‌ده‌ر ده‌نرێن، چۆن پێشتریش كۆمه‌ڵێك كه‌سی تری دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ریان وه‌ده‌ر نا".
به‌بۆچوونی سه‌عید مه‌موزینی، موراد قه‌ره‌یڵان بۆ جارێكی تر خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته‌وه به هاوسه‌رۆكی په‌كه‌كه و پۆسته‌كه له جه‌میل بایك وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام ترسی ئه‌وه هه‌یه دووچاری كێشه و مه‌ترسی ببێته‌وه، چونكه په‌كه‌كه زۆر كه‌سی ده‌ركرد كه مه‌ترسییان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌كان هه‌بوو، بۆ نموونه عوسمان ئۆجه‌لان كه نازناوی فه‌رهاد ئۆجه‌لان بوو له شاخ، مه‌ترسییه‌كی سه‌ره‌كی بوو له‌سه‌ر جه‌میل بایك، بۆتان و بابه‌كر، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می ئۆجه‌لانیش كه له گرتووخانه نه‌بوو، كه‌سێكیان به‌ناو سه‌میر كوشت كه ئه‌و داوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد ده‌بێ په‌كه‌كه به‌ره‌و دیموكراسیی بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام نه‌یانهێشت درێژه بكێشێت.
ئایدیای په‌كه‌كه و باشووری كوردستان
به بڕوای سه‌عید مه‌موزینی، په‌كه‌كه كه‌مترین بڕوای به فره‌حزبی هه‌یه و حزبێكی تونده، بۆیه ناتوانێ له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی باشووری كوردستان هه‌ڵبكات، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كورده‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش ناكۆكه، زیاتر گرنگی به بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری ده‌دات و كه‌متر كار له‌سه‌ر كاری مه‌ده‌نی ده‌كات و تاكڕه‌وی له فكریدا هه‌یه، بۆیه ئه‌و حزبانه‌ی نزیكن له په‌كه‌كه له باشووری كوردستان، كاتێك به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كردووه، كه‌مترین ده‌نگیان هێناوه و ته‌نانه‌ت نه‌گه‌یشتوونه‌ته كورسییه‌كیش.
سه‌رچاوه‌ی دارایی
سه‌رچاوه‌ی دارایی په‌كه‌كه له چه‌ند رێیه‌كه‌وه‌یه، به‌شێكی له ده‌ره‌وه‌یه و به‌شێكی له ناوخۆ، مه‌موزینی گوتی "په‌كه‌كه پاره‌یه‌كی زۆر وه‌ك باج و سه‌رانه له ناو گونده‌كانی توركیا وه‌رده‌گرن، گومرگێكی زۆر وه‌رده‌گرن، پاره‌یه‌كی زۆر له‌و كوردانه وه‌رده‌گرن كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كار ده‌كه‌ن، ده‌وڵه‌تی تریش هه‌یه هاوكارییان ده‌كات، به‌ڵام له گونده‌كانی باشووریش پاره‌و سه‌رانه له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن".
ئێسته‌ش له رێی دامه‌زراندنی گرووپێكی چه‌كداریی نوێوه، په‌كه‌كه ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌تی توركیا په‌لكێش بكاته ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه و ته‌نگژه‌یه‌كی نوێی سیاسی بۆ هه‌رێمی كوردستان بخوڵقێنێت، به‌ڵام سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له سه‌رووی ئه‌و پلانانه‌وه كار ده‌كات و به هه‌موو جۆرێك دروستبوونی هێز له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌ت ده‌كاته‌وه.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا