به‌هۆی كۆنیی سیسته‌مه‌كه‌یه‌وه و كوژانه‌وه‌ی كاره‌با به به‌رده‌وامی له‌سه‌ری، ماوه‌ی دوو ساڵه كاتژمێره‌كه‌ی باخی گشتیی ناو شاری هه‌ولێر له‌كار كه‌وتووه، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیش ده‌ڵێ: به‌ته‌مای چاككردنه‌وه‌ین.
"به‌شدار ڕه‌زا" به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر كه تایبه‌ته به ناو بازاڕی هه‌ولێر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند: به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایییه‌وه، ماوه‌ی دوو ساڵه كاتژمێره‌كه‌ی ناو باغی گشتی له‌كار كه‌وتووه و زه‌نگه‌كه‌ی كار ناكات و گه‌شتیارێكی زۆریش پێوه‌ندی به پارێزگای هه‌ولێر كردووه تا چاكی بكه‌ینه‌وه.
ڕوونی ده‌كاته‌وه، چونكه سیسته‌مه‌كه‌ی كۆنه و كاره‌باشی زۆر له‌سه‌ر كوژاوه‌ته‌وه، له‌كار كه‌وتووه و كه‌لوپه‌له‌كانیشی له كوردستان و عێراق ده‌ست ناكه‌وێت، ته‌نیا له وڵاتی چین هه‌یه، ئه‌ویش بڕی "300 هه‌زار" دۆلاری تێ ده‌چێت، ئێسته‌ش توانای دابینكردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌مان نییه.
ڕه‌زا ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو، له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیای ناوخۆیی له‌سه‌ر هێڵین بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانین چاكی بكه‌ینه‌وه و ئه‌وان گوتوویانه چاكی ده‌كه‌ینه‌وه له به‌رامبه‌ردا ڕێكلامی بازرگانی له‌ژێر ئه‌و كاتژمێره ده‌كه‌ین بۆ خۆمان و ئێمه‌ش ڕه‌زامه‌ند بووین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌مساڵدا چاكی بكه‌ینه‌وه.
هه‌ولێر/ هێمن ڕه‌فیق