سڤیلییە گرێبەستی هێرشبەرە نوێیەكەی راگەیاند


یانەی سڤیلییەی ئیسپانی دوێنێ سێشەم بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ ستیڤان یۆڤیتیچی هێرشبەری ئێستای یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی و پێشووی یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی راگەیاند.

وارگەی فەرمی یانەی سڤیلییە یەكەم گرێبەستی زستانەی یانەكەیانی لەگەڵ یۆڤیتیچ راگەیاند، بەمەش ئەو هێرشبەرەی هەڵبژاردەی مۆنتینیگرۆ لە دۆزەخی یانەی ئینتەر میلان هاتە دەرەوە دوای ئەوەی لەم وەرزەدا تەنیا بەشداریی لە 5 یاریی یانەكە كردبوو.

یانەی سڤیلییە ئاشكراشی كرد كە گرێبەستەكەیان لەگەڵ یۆڤیتیچ بەشێوەی خواستنە بۆ ماوە نیو وەرز و بۆشیان هەیە كۆتای ئەم وەرزە بە 14 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی یەكجارەكی لەگەڵ ئەو هێرشبەرە ئیمزا بكەن.

یۆڤیتیچ /27 ساڵ/ یەكەم تاقیكردنەوەی دەبێت لەسەر دەستی خۆرخی سامپاولی راهێنەری ئەرجەنتینی لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، پێشتریش ئەو هێرشبەرە لە ریزی هەریەك لە یانەكانی پارتیزان و فیۆرنتینا و مانچستەر سیتی یاریی كردبوو.

جێی باسە یانەی سڤیلییە لە وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا ركابەرییەكی سەخت لەسەر بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانیەتییەكە دەكات و ئێستا بەكۆكردنەوەی 36 لە ریزبەندی دووەم دێت و 4 خاڵ لە دواوەی یانەی ریال مەدرید یەكەمی خولەكەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


PM:12:06:11/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 174 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌