وەزیری ناوخۆ سیاسەتی یەكسانیی نێوان ژن و پیاوی واژوو كرد

:: PM:02:32:03/07/2019 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو لەسەر سیاسەتی تایبەتی یەكسانی نێوان ژن و پیاو لە ئەرك و مافدا پەسەند دەكات و دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی تەمووز، ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانەكان بڵاوی كردووەتەوە، وەزیری ناوخۆ كەریم سنجاری بە فەرمانی وەزاری ژمارە (10152 لە رێكەوتی 10/6/2019) سیاسەتی تایبەتی بە یەكسانی لە نێوان ژن و پیاو لە ئەرك و مافدا پەسند كرد بۆ‌ زیاتر بەهێزكردن و پاراستن و پەرەپێدانی پرسی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاو.

ڕوون كراوەتەوە، سیاسەتی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاو لە ئەرك و مافدا لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەكان بە هاوكاری و هاوئاهەنگی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNDP) و ئاژانسی فریاكەوتنی مەدەنی سوید (MSB) ئامادە كراوە.

سیاسەتی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاو لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریتییە لە نەهێشتنی ئەو نایەكسانییە مێژوویی و كولتووری و ڕێكخراوەییە‌ی كە لە نێوان  ژن و پیاودا هەیە لەڕووی دەرفەتی دامەزراندن، هەروەها ئەم سیاسەتە مەبەستیەتی كە هەلومەرجێكی كاركردنی گونجاو و لەبار بۆ كارمەند و فەرمانبەرانی‌ ژن بڕەخسێنی.

گرنگترین ئەو بڕیارانەی لە سیاسەتەكە جێگیر كراوە، بریتین لە دامەزراندن و پلە بەرزكردنەوە‌ (پایە و پلە) و پەرەپێدان و ڕاهێنانی كار و پاداشت و سوپاس و پێزانین و شوێنی كار و كاری مەیدانی و بێزاركردن و گێچەڵی سێكسی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەی ژن لە ناوەندی بڕیار.



وشە - رامیار جەواد