ریال مەدرید بریاری دا.. ئۆبامیانگی ناوێت

:: PM:12:53:11/01/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاری دا سەرجەم چالاكییەكان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هێرشبەری گابۆنی بییر ئێمریك ئۆبامیانگی لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی رابگرێت.

رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای راهێنەرەكەی زێنەدین زێدانی فڕەنسی بڕیاری دا هەوڵەكان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئۆبامیانگ رابگرێت.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە: زێدان بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتووش بەهەمان پێكهاتەی ئێستای هێڵی هێرشبەر یاریی بكات و هیچ هێرشبەرێكی نوێ نەهێنێتە ریزی یانەی ریال مەدریدەوە.

زێدان بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتووش هەر پشت بە هێرشبەران كەریم بەنزیما، ئەلڤارۆ مۆراتا و ماریانۆ دیاز لە یانەی ریال مەدرید ببەستێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو كە فلۆرنتینیۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ ئۆبامیانگ دەدات دوای ئەوەی ئەو هێرشبەرە ئاشكرای كردبوو كە خەونی یاریكردنی لە ریزی یانەی شاهانە هەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م