حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق تەنیا وێنەی كوژراوانی خۆی و سوپای پاسدارانی خستە ڕوو

:: PM:05:42:03/07/2019 ‌
25ی حوزیرانی رابردوو میلشیاكانی حەشدی شەعبی، پێنجەم ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حەشدیان كردە دەرفەتێك بۆ ئەوەی دامەزراوەی پەرلەمان بكەنە دامەزراوەیەكی مەزەوی  و بە بڵاوكردنەوەی وێنەی كوژراوانی خۆیان و چەند ئەندامێكی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆڵی پەرلەمانیان تەنی. پەرلەمانتارێكی سەر بە رەوتەكەی عەمار حەكیم لەگەڵ بەرز نرخاندنی رۆڵی پێشمەرگە، كارەكەی حەشدی بەلاوە چاوەڕواننەكراو بوو و گوتی پەرلەمان ماڵی گەلە.

دیاری تەیب بەرواری پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، خستنەڕووی وێنەی كوژراوانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق، بەرێككەوتنی سیاسی نەكراوە كە ئەو وێنانە نمایش بكرێن و  بمێننەوە، بەڵكو ئەوە كاری دامەزراوەكانی سەر بە حەشدی شەعبی بوو. ئەوان ساڵوەگەڕی راگەیاندنی میلشیاكانی حەشدییان قۆستبووەوە بۆ نمایشكردنی وێنەی كوژراوەكانیان لە هۆڵی پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەڵێ، نەبوونی وێنەی شەهیدانی پێشمەرگە و حەشدی عەشایەری و پۆلیس و سوپا، بووبووە پرسیاری زۆرینەی فراکسیۆنەکان، بەتایبەت پەرلەمانتارانی كورد بەشێوەی گشتی، بەڵام وەك چالاكییەكی سیاسی ئەو وێنانە نمایش كرابوون، ئەگەرنا جێی قبووڵ نییە پەرلەمان بكرێتە دامەزراوەیەكی تایبەت بەهێزێكی دیاریكراو.

بەرواری دووپاتی كردەوە کە لە داهاتوویەكی نزیكدا پلان هەیە وەك هەنگاوێگی گشتی پاش ئەو هەنگاوەی حەشدی شەعبی، بەرێككەوتنی تەواوی لیستەكانی ناو پەرلەمانی عێراق پێشانگەی تایبەت بەهەموو شەهیدانی دژ بە داعش لە پێشمەرگە و سوپا و پۆلیس بكرێتەوە، هاوكات لە پلاندایە پێشانگەیەكی تایبەت بە پێشمەرگە شەهیدەكانی دژ بە تیرۆر بەڕێوە بچێت، چونكە بەڕاستی كردنەوەی پێشانگەی تایبەتی هێزێكی دیاریكراو، گوزارشت لە پەرلەمان ناكات، هەرچەند بە دووری نازانین ئامانجی سیاسی لە پشتی ئەو كارەوە بێت.

ئەو پێی وایە هەر کەسێك لە دژی تیرۆر جەنگابێ، لە عێراق و هەرێمی كوردستان خوێنی رژابێ، دەبێ رێزی لێ بگیرێت و لە هیچ كەس و هێزێكی تر جیا نەكرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە بەدووری نەزانی بەهۆی ئەوەی حەشدی شەعبی لە خولی پێشتری پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارە شیعییەكان و فراكسیۆنی تر وەك هێزێكی رێکخراو بەیاسایی کرا ، بەم هەنگاوەی بیەوێت زیاتر شەرعییەت بەخۆی بدات لە پەرلەمانی عێراق.

دیاری بەرواری باسی لەوەش كرد، نیزامیبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی تا ئێستە وەك هێزی سوپا نییە چ لە دابینكردنی مووچە و  بودجە و چ لە فەرمانی سەربازی، بۆیە لای كورد و سوننە و تەنانەت لای شیعە نیشتمانپەروەرەكانیش گرنگە یەك دامەزراوە و هێزی سەربازی لە عێراق هەبێت .

ئەوەشی دركاند مەترسی هەیە حەشدی شەعبی بێتە دامەزراوەیەكی خۆسەپێن بەسەر وەزارەتی بەرگری و ببێتە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

بەپێی وێنەكان كە لەناو هۆڵی پەرلەماندا خرانە ڕوون، جگە لە كوژراوانی حەشدی شەعبی، وێنەی عەمید تەقەوی پێشان درابوو كە لە كۆتایی ساڵی 2014دا لەلایەن داعشەوە كوژرا و یەكێك بوو لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسدارانی ئێران.

هاوكات میدیاكانی حەشدی شەعبی بەگرنگییەوە باسیان لە نمایشی وێنەی شەهیدەكانیان كرد لە پەرلەمانی عێراق، سەركەوتنی جەنگی داعشیش كرایە دەستكەوتی تایبەتی خۆیان لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حەشدی شەعبیدا.

بەڵام ئەجیال كەریم مووسەوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم، لەسەر هەمان پرس بۆ "وشە" دوا و باسی لەوە كرد، پەرلەمان ماڵی گەلە و ماڵی یەك پێكهاتە و هێز و نەتەوەیەك نییە، حكوومەتیش بەهەمانشێوە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان تێیدا بەشدارن، بۆیە پەرلەمان موڵكی هەمووانە. 

ئەو دەڵێت "برایانی پێشمەرگە بە خوێنی ئاڵیان، ئازایانە رووبەڕووی داعش بوونەوە و گیانیان بەخشی، نمایشكردنی یەكەمین پێشانگەی وێنەی شەهیدان جەنگی دژبە داعش بە بڕوای من بەڕێكەوت نەبووە و حەشد خۆی دەستپێشخەری كردووە، ئەگەرنا نابێ خۆجیاكردنەوە و خۆسەپاندن هەبێ لە قوربانییانی جەنگی دژ بەداعش."

ئەو پەرلەمانتارە شیعەیە ئەوەی دركاند کە خۆی تووشی شۆك بووە لە پەرلەمان كاتێك تەنیا وێنەی شەهیدانی حەشدی شەعبی بینیوە. دووپاتی كردەوە كە نمایشكردنی وێنە بێ یان بەرز نرخاندنی رۆڵی هێزێك بێ بەرانبەر بەهێزێكی تر، جێی نیگەرانییە، چونکە هەموو بۆ بەرگری لە ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی داعش خوێنیان بەخشیوە.

پێویستە بگوترێ رۆژی دووشەم بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرجەم گرووپەكانی حەشدی شەعبی خرانە سەر سوپای عێراق و گوتی، هیچ گرووپێك بۆی نییە لە ژێر فەرمانی ئەو دەربچێت.

وشە/ سەبری هۆرێنی  



وشە - وشه‌